نەوزاد چیچەک: بەهێزی و ئارامی هەولێر یەکسانە بە بەهێزی و ئارامی دیاربەکر

نەوزاد چیچەک، نووسەر و ڕۆژنامەنووس
نەوزاد چیچەک، نووسەر و ڕۆژنامەنووس

K24 – هەولێر:

نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی تورکیا ڕایگەیاند، میدیاکانی تورکیا ڕووماڵێکی تایبەتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و سێ دۆسیەی سەرەکی لەبارەی ئەو سەردانەوە بووەتە سەردێری هەواڵەکان، ئەوانیش بریتیین لە دۆسیەکانی پەکەکە، ئاو و ڕێگەی گەشەپێدان و بۆ هەرێمی کوردستانیش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) نەوزاد چیچەک، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە تورکیا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە کاردانەوەکانی سەردانەکەی ئەردۆغانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوخۆی تورکیا کرد و ڕایگەیاند: تورکیا دەیەوێت بەغدا ڕێکخراوی پەکەکە بە تیرۆریست بناسێنێت لە بەرامبەر ئەوەشدا، عێراق داوای زیادکردنی بەردانەوەی ئاو دەکات لە تورکیا.

چیچەک گووتیشی: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر زۆر گرنگە و ئەنقەرە دەیەوێت هەماهەنگی و هاوکاری تەواوی هەبێت لەگەڵ عێراق بەتایبەتی لە دۆسیەکانی ئەمنی و ئابووری، کە هاوکات دۆسیەی ڕێگەی گەشەپێدانیش جێگەی بایەخی زۆری تورکیایە، کە دەیەوێت جگە لە سوودە بازرگانییەکەی، لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش پارێزراوتر بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەوزاد چیچەک ئاماژەی بەوەکرد: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر پەیامێکیشە بۆ سلێمانی کە تاوەکو ئێستا ئاسمانی ئەو وڵاتە بە ڕووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نەکراوەتەوە، بۆیە لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم سەردانەی ئەردۆغان گرنگی خۆی هەیە.

هەروەها چیچەک باسی لەوەشکرد: "سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ کوردستان گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەردەخات. واتە هەولێر هێندەی بەغدا گرنگیی پێدەدرێت. جگە لە کێشەی پەکەکە هیچ  کێشەیەکمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە. سەرەڕای ئەو پەرتەوازەییەی کە لە عێراق هەیە، کوردستان توانیویەتی سەقامگیری خۆی بپارێزێت، دەمەوێت ڕاشکاو بم، بەهێزی و ئارامی هەولێر یەکسانە بە بەهێزی و ئارامی دیاربەکر".