زێلێنسکی: پارێزگاریکردن لە ئاسمانی وڵاتەکەمان لە پێشینەی کارەکانمانە
K24 – هەولێر
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاراستنی ئاسمان لە مووشەک و درۆنە رووسیەکان و بەدەستخستنی مووشەکی دوورمەودای کردووەتە پێشینەی کارەکانی.
راشیگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ بەدەستخستنی سیستەمی ئاتاکمسی ئاسمانی بەرهەمی هەبووە، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش دەکەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد، چوار کارمان لەپێشینە داناوە ئەوانیش پارێزگاریکردن لە ئاسمانی وڵاتەکەمان، دەستەبەرکردنی تۆپهاوێژی پێشکەوتوو، توانای مووشەکی دوورمەودا و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی پاکێجە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەخێرایی.
دەشڵیت: ئەنجامەکانی ئەمڕۆش دەریدەخەن کە رێککەوتن بۆ دابینکردنی سیستەمی ئاتاکمس بۆ ئۆکرانیا ئەنجامی هەبووە.
هەروەها زێلێنسکی سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا و کۆنگرێس کرد و گوتی: ئەمەریکا و ئۆکرانیا پێکەوە کاردەکەن.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ پاکێجێکی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان پەسەند کرد، کە هاوکارییەکەی ئۆکرانیا بڕی 60.84 ملیار دۆلار بوو.