عێراق.. 33 کچی هەڵهاتووی گەڕاندەوە بۆ خێزانەکانیان

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، 33 کچ لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ کە لەدەستی خێزانەکانیان هەڵاتبوون، گەڕانەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، لەگەڵ دەستگیرکردنی 247 حاڵەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی.

عەمید میقداد میری، گوتەبێژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ڕۆڵێکی گرنگ دەیگێڕێت لە دەستەبەرکردنی ئارامی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی دیاردە نەرێنییەکان و ئەوانەی هەڕەشە لە خەڵکی دەکەن لە پەیجەکانی سۆشیال میدیا بە مەبەستی گێچەڵکردن ئەلیکترۆنی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 247 حاڵەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی بگرێت و پاڵپشتی دەروونی پێشکەش بە قوربانییەکان بکات، ئەمە جگە لەوەی مەفرەزەکانی پۆلیس توانیویانە 33 کچی هەڵهاتوو بگەڕێننەوە بۆ ناو خێزانەکانیان و 69 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر منداڵان بوەستنێنن و لەگەڵ 73 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان دەستگیر بکەن.

مێری ڕاشیگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیس کاردەکەن بۆ دابینکردن وچاودێری و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی قوربانییان و پێشکەشکردنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆیان، هەروەها وەزارەت ڕێوشوێنی  تایبەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرزی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، دیارترینیان گێچەڵی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی پارە دەگرێتە بەر.