ئەپیکور: هیوادارین سەردانەکەی ئەردۆغان ببێتە هەنگاوێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە" ئەپیکور"
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە" ئەپیکور"

K24 - هەولێر

ئەپیکور بە گرنگییەوە باس لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ‌عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-04-2024، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە" ئەپیکور" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیوادارن سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، ببێتە هەنگاوێک بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو لە نێوان، حکومەتی تورکیا، عێراق، حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیبەوەش دراوە، هەفتەی رابردوو سەرکردەکانی عێراق و تورکیا و کوردستان و ئەمەریکا، باسیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووە لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا.

ئەپیکور دووپاتیشی کردووەتەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق و هاوبەشەکانیان، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوت بە گوێرەی ئەو مەرجانەی ئێستا بەردەستن.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵی کردووە ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بدەن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئۆپێک داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکەن.

لەبارەی ئەوەی وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق بۆ داواکەی ئۆپێک چی بووە؟ سەرچاوەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، حەیان عەبدولغەنی داوای ڕێکخراوەکەی ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەون.

بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا لە (25ـی ئاداری 2023)ـەوە ڕاگیراوە، ئەم لوولە لە توانایدایە ڕۆژانە ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. بەڵام تاوەکو ئێستا بەو قەبارەیە نەوتی لێوە هەناردە نەکراوە و ئەوەی هەناردە کراوە پێش ڕاگیرانی، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

وەزارەتی وزەی تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندووە بۆڕییەکە هیچ کێشەکەیەکی نییە و لە 4ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕەزامەندی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و لوولەکەش ئامادەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم لوولەوە دەست پێ بکاتەوە، لە کاتێکدا دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەناردەی نەوت زیانێکی زۆر بەر عێراق، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کەوتووە.

دوای نزیکەی 13 مانگ لە ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق - تورکیا، 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی عێراق کەوتووە. بە هۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەش، عێراق ڕۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت. زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکور ڕاوەستاوە. بەڕێژەی 60% داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان کەمبووەتەوە. سەدان کەسیش بێکار بوون. بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهان بەرز بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، شارەزایانی بوار وزە ئاماژە بەوە دەکەن، ڕاگیرانی هەناردەی نەوت زیان بە ناوبانگی عێراق گەیاندووە و خواستی وەبەرهێنان و بازرگانی لە وڵاتەکە کەم دەکاتەوە.