نەرمین سندی: دەبێت گرنگی زیاتر بە ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بدرێت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

ڕاوێژکاری میدیایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێزانین و ڕێزەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دەبێت گرنگی زیاتر بدرێت بە ڕۆژنامەنووسانی ئافرەت.

نەرمین سندی، ڕاوێژکاری میدیایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: دوێنێ ئەو کۆنفرانسە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەرێوەچوو.

سندی باسی لەوەشکرد، سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێزانین و ڕێزەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، وە دەبێت ڕۆژنامەنووسان پیشەکەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەمەش خزمەتی کۆمەڵگا و حکوومەتی پێدەکرێت."

ئەو ڕاوێژکارەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی: بەستنی ئەو کۆنفڕانسانە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی، کە ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشە، ئەمساڵ تایبەتیان کردووە بە ڕۆژنامەنووسانی مێینە، بەمەش دەیانەوێت زیاتر گرنگی بە ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بدەن لە هەرێمی کوردستان.

سندی ئاماژەی بەوەشکرد، چەند پانێلێک بەڕێوەچوو، کە بابەتەکان گرنگن و دەگونجێن لەگەڵ کۆمەڵگاکەمان، وە پێویستیشە زیاتر گرنگی بە ئافرەتانی ڕۆژنامەنووسان بدرێت، هەروەها بەشێوەیەک دیکە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

بەیانی ڕۆژی دووشەممە، 22-04-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوە چوو کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ڕێکیان خستبوو.

لە دیدارەکەدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ، سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.