میدیا جیهانییەکان: وزە، ئاو و پەکەکە گەرمترین تەوەری گفتوگۆکانی تورکیا و عێراق بوون

سوودانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازی لە ئەردۆغان کرد
سوودانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازی لە ئەردۆغان کرد

K24 - هەولێر

سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوەو و میدیا جیهانییەکان سەردانە بەگرنگ ناو دەبەن و لە ڕوانگەی جیاوازەوە ڕووماڵیان کردووە بە تایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە بە ساتێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت.

زۆرینەی میدیا جیهانییەکان پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق - تورکیا بە تەوەرێکی سەرەکیی دیداری ئەردۆغان لەگەڵ سوودانیی و بەرپڕسانی حکوومەتی عێراق داناوە.

پێگەی ئەلیکترۆنی ڕۆژنامەی لۆ مۆندی فەرەنسی نووسیویەتی؛ پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی ستراتیجییە بۆ هەردوو وڵات، هاوکات کاریگەرییەکی بەرچاویشی هەیە لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی.

واشنتن پۆست ئاماژەی داوە، حکوومەتی عێراق بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گورزێکی پڕ زیانی لە ئابووریی خۆیی داوە، بەمەش ئەو زیانە داهاتەی پێی کەوتووە بە زیاتر لە 14 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

هاوکات دەنگی ئەمەریکا نووسیویەتی: تەوەری دانووستانەکانی ئەنقەرا و بەغدا سەبارەت بە کاراکردنەوەی ئەو لوولە نەوتەی لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە تێ دەپەڕێت و نەوت دەگەیەنێت تۆرکیا، هۆکارە و پێشمەرجی ستراتیجییەکانی هەردوو لە بارەی گرنگی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

هەر ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە لایەکی دیکەوە باسی لە پرسی دابەشکردنی داهاتی نەوت و غاز لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کردووە و ئاماژەی داوە، هەرچەندە پرسی داهات بابەتێکی پڕ مشتومڕی هەولێر و بەغدا، بەڵام بابەتی وزە و بەردانەوەی ئاو، تەوەری گەرم و گوڕی دانووستانەکانی عێراق و تورکیا بوون.

رۆژنامەی "لۆ ئۆریان لو ژوو"ی لوبنانی کە بە هەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە، لە ڕۆماڵی سەردانەکەی ئەردۆغان نووسیویەتی: گرنگترین پرسی عێراق و تورکیا، پەیوەست بوون بە وزە، مافی دابەشکاریی یەکسانی ئاو و ئاسایشی سنوورەکان و هەڕەشەکانی چەکدارانی پەکەکە.

مالپەرەکانی فۆکس نیوز و برایتبارتی ئەمەریکی، نزیکن لە کۆماریخوازانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە باسیان لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، فۆکس نیوز نووسیویەتی: کێشەی پەکەکە بۆ ئەردۆغان لە سەرووی هەموو پرسەکانی دیکە بووە کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، هەر بۆیە ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانووستانی کردووە بۆ ئەوەی چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە.

بە گوێرەی فۆکس نیوز، لە کۆبوونەوەکاندا پەکەکەی بە مەترسییەک بۆ سەر گەشەی پلانە ستراتیجییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق باس کراوە.

جیا لەمەش، فۆکس نیوز ئاماژە بە پرسی وزە و هاوبەشێتی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق کردووە و بڵاوی کردووەتەوە "دوابەداوی بڕیارەکەی دادگەی فەرەنسا، ئەو هێڵەی هەناردەی نەوت کە بە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا تێدەپەڕێت لە ئاداری 2023 ڕاگیراوە، هۆیەکەشی ئەوەیە لە سەر پرسی وزە ناکۆکییەکی کۆن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

ماڵپەری ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی داوە، لە دەرەنجامی سەردانی سەرۆکی تۆرکیا بۆ عێراق، ڕێککەوتنێکی گرنگی گواستنەوە بە بڕی 20 ملیار دۆلار مۆر کراوە، جگە لە عێراق و تورکیا، ئیمارات و قەتەریش تیایدا بەشدارن.

ماڵپەرەکە ئاماژە بە پەرەپێدان بە پرۆژەی ستراتیجی "پرۆژەی پەرەپێدانی ڕێگە"یان داوە کە بریتییە لە بەستنەوەی عێراق و تۆرکیا بە هێڵێکی ئاسنی بازرگانی کە 1272 کلیۆمەتر  و قەتەر و ئیمارات جێبەجێکاری پرۆژەکەن.

ئاژانسی هەوالی ئیلکەی باکووری کوردستان، ئاماژە بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان دەدات و نووسیەتی: لەگەڵ ئەوەی سەردانەکە لە سات و کاتێکی هەستیاردا بوو، بەڵام هەنگاوێکی گرنگ بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە.

پێگەی ناسیۆنالی ئیماراتی زیاتر تیشکی خستۆتە سەر گرنگی ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق سەبارەت بە پرسی هاوبەشێتی لە ڕووباری دیجلە. ئاماژەشی بەوە کردووە، کە تورکیا سەبارەت بەم پرسە لە هەوڵی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا دەبێت. هاوکات پرسی چەکدارانی پەکەکەش بە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەنقەرا و بەغدا داناوە.

ماڵپەری دۆیچە ڤێلێی ئەڵمانیش ڕووماڵی سەردانەکەی کردووە و نووسیویەتی: هەردوو سەرکردە لەسەر "رێکارێکی هاوبەش بۆ هەڕەشە ئەمنییەکان" و "ڕێککەوتنی ستراتیجی" سەبارەت بە سەرچاوەی ئاو ڕێککەوتن. بۆ ئەمەش هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی تورکیا ڕێککەوتنێکی ستراتیجییان مۆر کردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی هاوکارییەکانی ئاسایش و وزە و ئابووری.

مێدیا ئەڵمانییەکە باسی لەوەش کردووە کە ساڵی ڕابردوو بەغدا پرۆژەیەکی پەرەپێدانی بازرگانی بە بەهای 17 ملیار دۆلار دەست پێ کردووە کە هەوڵ دەدات عێراق بکاتە ناوەندێکی ترانزێت لە ناوچەکە.

سەردانەکەی ڕەجەی تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دووەم سەردانی بوو بۆ هەولێر، یەکەم سەردانی ساڵی 2011 بوو، ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی بەشداری کرد لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام سەردانەکەی ئەمجارەی بۆ بەغدا و هەولێر یەکەم سەردانێتی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا.