ژوورە بازرگانییەکانی هه‌ولێر و ڕوحا ی باکووری کوردستان پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بەهێز دەکەن

ژوورە بازرگانییەکانی هه‌ولێر و رحای باکووری کوردستان
ژوورە بازرگانییەکانی هه‌ولێر و رحای باکووری کوردستان

K24 - هەولێر

سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر له‌میانی پێشوازیی له‌ شاندێكی بازرگانیی ڕوحا ی باکووری کوردستان، ڕایگه‌یاند، هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌كانی توركیا زیاتر په‌ره‌ پێ بده‌ن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-04-2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی؛ پێشوازیان کرد لە شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ڕوحا ی باکووری کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەممەد یتیم، سەرۆکی ئەو ژوورە و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژوورەکە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەردانی شاندەکەی بە "گرنگ" لە قەڵەمدا بۆ فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا.

گەیلان حاجی ئاماژەی بەوە دا، "پەیوەندییەکی ئابووریی فراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا هەیە، لە ساڵی رابردوو 12.7 ملیار دۆلار قەبارەی هەناردەی وڵاتی تورکیا بووە بۆ عێراق 98% ئەم رێژەیەش لە رێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە."

بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، هاتنی شاندەکە "دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ تاوتوێ کردنی بازرگانی و وەبەرهێنان، زیاتر کردنی رۆڵی تورکیا لە گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان". گوتیشی، "ئامانجمان پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ گشت ژوورەکانی بازرگانی تورکیا بە تایبەت ئەو شارانەی کە دەکەونە نزیك سنووری هەرێمی کوردستان، چونکە چەندین خاڵی هاوبەشمان هەیە و کۆست و نرخی کاڵاکان کەمتر دەوەستن بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان".

لەلایەن خۆیەوە محەممەد یتیم، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رحای باکووری کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا کە بۆ یەکەمجارە سەردانی هەولێر دەکەن، سوپاسی ژووری هەولێری کرد بۆ ئەم پێشوازییە.

ناوبراو باسی لە چالاکی و کارەکانی ژووری بازرگانیی رحای کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر سەردانە مێژووییەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و ڕایگەیاند، جگە لە بەهێزترکردنی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان، کاریگەری زۆرباشی دەبێت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی رحا ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوولا، "دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر، بەهۆی نزیکیمان لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ بازرگانانی کوردستان".

محەممەد یتیم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو سێکتەرانە کرد کە شاری رحا دەتوانێت هاوکار و هەماهەنگی وەبەرهێنەرانی کوردستان بێت وەك کارەبا، خۆراك، بیناسازی، ئاودێری و کشتوکاڵ، هیوای خواست کە پەیوەندیەکانی هەردوولا زیاتر پەرەبسێنێت و بانگهێشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریشی کرد بۆ شاری رحا.