نەتەوە یەکگرتووەکان: 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، ساڵی رابردوو گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووی زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا.

ڕێکخراوی کەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووی زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرترین کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کارەساتە ژینگەییەکان لە کیشوەری ئاسیا بووە، گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنیان لەسەر ئابووری ئەو کیشوەرە هەبووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەساڵی 2023دا دیاردەکانی وەک سووتانی دارستانەکان، لافاو و بە بیابانبوون بەشێوەیەکی فراوانتر لە پێشوو دەرکەوتن، ئەم دیاردانەش کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە کە گۆڤاری زانستی بەریتانی "Nature" بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، ئەگەری زۆرە گۆڕانی کەشوهەوا، تاوەکو ساڵی 2049، نزیکەی 38 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری جیهان بگەیێنێت.

توێژینەوەکە لەلایەن سێ زانای پەیمانگای "پۆتسدام" بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لە ئەڵمانیا کراوە، تیشکیان خستۆتە سەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی کەشوهەوا لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەی هەزار و 600 ناوچەی جیهان، هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکان تا ساڵی 2049، بەردەوام بێت.

توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی گۆڕانی پلەی گەرمیی ڕۆژانە، کۆی بارانی ساڵانە، بارانی ڕۆژانەدا کردووە، ئەمە جگە لەو گۆڕانانەی کە لە ڕێگەی تێکڕای گۆڕانی پلەی گەرمی ڕوودەدەن.

 ئەندرەس لیڤەرمان، بەشداربوویەکی توێژینەوەکە بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ڕاگەیاند، گۆڕانی تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانە دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕێژەی گەشەی ئابووری، کە ماوەی 8 بۆ 10 ساڵ بەردەوام دەبێت.