شارەزایەکی وزە:بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت گوشارەکان لەسەر حکوومەتی فیدراڵی زیاتر بووە

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری وزە، ڕایگەیاند، تورکیا و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەوەی کە ماوەتەوە سەر حکوومەتی فیدراڵی.

شەهریار شێخلەر، شارەزای بواری وزە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەمێژە تورکیا و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بۆیە ئەوەی لەسەر ئەم سێلایەن بووە جێبەجێ کراوە، ئەوەی تر ماوەتەوە سەر حکوومەتی فیدراڵی.

شێخلەر دەشڵێت: لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، جەختێکی زیاتر لەسەر بابەتەکە کراوە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆریداوە، تەنانەت 10 ڕۆژ دوای 25-3-2023، ئامادەیی خۆی دەربڕی بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکوومەتی فیدراڵی.

ئەو شارەزایە باسی لەوەشکرد، لەوسەردانەدا گوشارەکان زیاتر بووە بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵی، کە ئایا ئامادەیە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت یاخود نا، چونکە ماوەیەکی زۆرە بەس کات دەکوژێت لەسەر ئەو بابەتەدا و هیچ پێشکەوتنێک نابینرێت لەلایەنی بەغداوە.

 شەهریار شێخلەر گوتیشی: ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی نیازی ئەوەی هەبێت کە ئەو بابەتانە چارەسەر بکات، ئەوە زۆر ئاسانە، لەبەر ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەو کێشانە، چونکە ڕەنگە لە دانووستانەکان بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو هەنگاوە جدییە لەلایەن بەغداوە نابینرێت.