سامان بەرزنجی: تا ئێستە 873 هەزار منداڵ ڤاکسینی دژە سوورێژەیان وەرگرتووە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەڵمەتی ڤاكسینی قوتابییان بۆ ڕووبەرووبونەوەی نەخۆشی سوورێژە كە لە 16ی ئەم مانگەوە دەست پێ كردووە بەردەوامە و تا ئێستە 873 هەزار منداڵ ڤاکسینی دژە سوورێژەیان وەرگرتووە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵمەتی کوتانی منداڵان دژی نەخۆشیی سوورێژە بەردەوامە و هەڵمەتەکە نیشتمانیی و سەرتاسەرییە، ئامانجیشی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی سوورێژەیە.

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستە 873 هەزار منداڵ ڤاکسینی دژە سوورێژەیان وەرگرتووە و "ئامانجمان ئەوەیە ژمارەی وەرگرتنی ڤاکسین بگاتە 900 هەزار منداڵ".

سامان بەرزنجی، گوتی: تیمەكانی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەسەر  قوتابخانە و شار و شارۆچكەكان  دابەش كراون و لەماوەیەکی نزیکدا هەڵمەتەکە کۆتایی دێت.

ڕۆژی دووشەممە (16ـی نیسانی 2024) هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سوورێژە دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت جگە لە ڕۆژانی پشوو.

دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەبارەی هەڵمەتەکەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سوورێژە، هەڵمەتێکی گشتگیرە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو هەڵمەتە بە قۆناغ دانراوە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لە قوتابخانەکانن، واتە لە یەکی بنەڕەتی تاکو شەشی بنەڕەتی، یانی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تاوەکو 12 ساڵی هەڵمەتەکە دەیان گرێتەوە.