لویس ئێنریکی "ئەمڕۆ ریکۆردێکم شکاند"

لویس ئێنریکی
لویس ئێنریکی

بڕیارە سبەی چوارشەممە پاریس سانجێرمان لە گەڕی 29ی خولی پلەیەکی فەرەنسا رووبەڕووی یانەی لۆریان ببێتەوە، لویس ئێنریکی راهێنەری سانجێرمان سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەر لە یارییەکە هیچ پرسیارێکی لەبارەی ئێمباپێ لێنەکراوە.
ئێنریکی دەڵێت: "ئەمڕۆ ریکۆردێکم شکاند، دەبێتە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی تێیدا هیچ پرسیارێکم لەبارەی کیلیان ئێمباپێ لێنەکرێت".
لەبارەی خولی فەرەنسییەوە دەڵێت: "لێرە زۆر یاریزان و راهێنەری باش هەن، بۆ من چاوەڕواننەکراو بوو کە یانەکان بەم ئاستە بەرزە هونەرییە و تاکتیکییە دەبینم".
ئەگەر هەیە پاریس سانجێرمان چوار گەڕ بەر لە تەواوبوونی وەرز نازناوی لیگ1 یەکلایی بکاتەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنی بەرامبەر لۆریان و شکستی مۆناکۆ ئەوا پاریس نازناوەکە مسۆگەر دەکات، لەمبارەوەیە ئێنریکی دەڵێت: "ئەگەر بتوانین چوار نازناوی ئەم وەرزە لەگەڵ چامپیۆنزلیگ ببەینەوە کە پێشتر هیچ یانەیەکی فەرەنسی ئەم کارەی نەکردووە، ئەوا مێژوویەکی گەورە بۆ یانەکەمان و وڵاتەکە دروست دەکەین".
پاریس سانجێرمان لەم وەرزە جامی سوپەری فەرەنسای بردەوە، دواتر گەیشتە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا و هەنگاوێکیش دوورە لە بردنەوەی خولی پلەیەکی فەرەنسا، لە هەمان کاتدا گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ و ئەگەر هەیە نازناوەکە بباتەوە.