ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی: 16 كه‌س له‌ كه‌ناره‌كانی جیبۆتی خنكان

K24 - هەولێر:

زیاتر له‌ 15 كه‌س لە ئەنجامی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌یان له‌ كه‌ناره‌كانی جیبۆتی و له‌ كاتی په‌ڕینه‌وه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی، خنكان. به‌گوێره‌ی ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تیش لانی كه‌م 28 كه‌سی دیكه‌یش بزرن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 23ـی نیسانی 2024) ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاند، به‌له‌مێك له‌ كه‌ناره‌كانی جیبۆتی كه‌ 77 سه‌رنشینی هه‌ڵگرتبوو، ژێر ئاو كه‌وتووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 16 كه‌س خنكاون و 28ـی دیكه‌یش كه‌ زۆربه‌یان منداڵ بزر بوونە.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ بورهان تسیگایه‌، باڵیۆزی ئه‌سیوپیا له‌ جیبۆتی ڕایگه‌یاندووه‌، به‌له‌مه‌كه‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی ئه‌سیوپایی له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ده‌گواستنه‌وه‌ و له‌ كه‌ناره‌كانی گۆدۆریا له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی جیبۆتی وه‌رگه‌ڕاوه‌.

ڕۆژی (سێشه‌ممه‌ 9ـی نیسانی 2024) ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی 38 كه‌سی له‌ کەناراوەکانی جیبۆتی ڕاگه‌یاند، كه‌ هه‌ندێكیان منداڵ بوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ باڵیۆزخانەی ئەسیوپیا لە جیبۆتی، سەلماندی کە بەلەمێک کە 60 کۆچبەری ئەسیوپی لە جیبۆتییەوە بەرەو یەمەن هەڵگرتبوو، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشەممە تووشی ڕووداوێک بووە و به‌هۆیه‌وه‌ 38 له‌ سه‌رنشینه‌كانی خنكاون و 22ـی دیكه‌یش ڕزگاریان بووه‌.

باڵیۆزخانەکە ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە نزیک کەناراوەکانی گۆدۆریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جیبۆتی ڕووی داوە.

سەدان هەزار کۆچبەری ئەفریقی به‌ نایاسایی  به‌ دەریای سوور و یەمەندا تێ ده‌په‌ڕن بۆ ئەوەی بگەنە سعوودیە، بەو هیوایەی له‌و وڵاته‌ هه‌لی كار به‌ده‌ست بهێنن و خێزانەکانیان لە هەژارییەکی سه‌خت ڕزگار بكه‌ن.

باڵیۆزخانەی ئەسیوپیا ڕایگەیاندبوو، ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار کۆچبەر لە کەناراوەکانی جیبۆتی، کەنداوی عەدەن بەجێ دەهێڵن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وشکانی و زەریاییەوە بگه‌نه‌ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ پاسەوانانی سنووری سعوودیەی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی "لانی کەم سەدان" ئەسیوپی کە لە نێوان ئاداری 2022 تا حوزەیرانی 2023 هەوڵیان دەداوه‌ بگەنە سعوودیە.