عەبدولڕەحمان جەزائیری: گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق نابن
K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سەربازی، ئاماژە بەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، جەخت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەنەوە، ئەمەش وادەکات کێشە بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان سوودانی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروست بێت.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، شرۆڤەکاری سەربازیی لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق، لەوانەیە عێراق تووشی قەیرانێکی دیکە بکات، هەروەها لەوانەیە ئەو ڕێککەوتنانەش بخاتە ژێر مەترسییەوە کە لەنێوان سوودانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مۆر کراوە.
ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە ڕاشیگەیاند، هەتا ئێستاش گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێرقدا نەمێنن و هەمیشەش جەختیشی لەسەر دەکەنەوە، ئەمەش وا دەکات کێشە بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکان دروست بکات.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، ئاماژەی بەوە دا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق نابن و ئەمەریکاش ئەو گرووپانە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەڵەم دەدات.
ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە، دەڵێت: گرووپە چەکدارەکانی عێراق شوێنکەوتەی وڵاتانی دیکەن.