نرخی بلێتی یاریی ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن دیاری کرا

بلیتی یاریی ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن
بلیتی یاریی ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن

یانەی ڕیاڵ مەدرید نرخی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی بایرن میونشن، ئاشکرا دەکات.

ڕۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، ریاڵ مەدرید ڕۆژی 30ـی ئەم مانگە، لە یاریی چوونی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە ئەڵمانیا دەبێتە میوانی یانەی بایرن میونشن، پاشان ڕۆژی 8ـی مانگی داهاتوو، لە یاریگای خۆی واتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی گەڕانەوە میوانداری یانە ئەڵمانیەکە دەکات، نزیکەی نۆ ڕۆژ پێش ئەم یارییە، هاندەرانی مێرنگی دەتوانن بلیتی یارییەکە بەدەست بێنن.

کارگێری یانە شاهانەکە کەمترین نرخی بلیتی یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر بایرن میونشن، بە 88 یۆرۆ دیاری کردووە، هەروەها گرانترین بلیتیش بۆ ئەم یارییە نرخەکەی 445 یۆرۆیە.

ڕیاڵ مەدرید لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، توانی لە مانچێستەر سیتی بباتەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی پێشکۆتایی، هەروها بایرن میونشن ئەو یانەیەش بە بردنەوەی لە ئارسێناڵ، گەیشتنی بۆ ئەم قۆناغە مسۆگەر کرد.