وەزارەتی پەروەردەی عێراق هۆشداری دەداتە بانکی رافیدەین لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە

مووچە
مووچە

K24 – هەولێر:

بەهۆی سیستی لە کارەکان و دواخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پرۆژەی تەوتین، وەزارەتەکە نامەی هۆشداری ئاراستەی بانکی رافیدەین کردووە.

لە نووسراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای زیقار کە ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی ئیدارەی گشتی بانکی رافیدەینی کردووە و وێنەیەکی بۆ بانکی ناوەندیی عێراقیش ناردووە، ئاماژە بە بوونی حاڵەتێکی زۆری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی پەروەردە دەکات، بەتایبەتی بۆ مانگی ئادار.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: هەرچەندە مووچەی هەموو بەشەکان لە ڕۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) خراوەتە سەر هەژماری بانکەکە، بەڵام فەرمانبەران لە (2ـی نیسانی 2024) مووچەکانیان وەرگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بە فەرمانبەران لە کاتێکدا بەشێکیان قەرزی ئەلیکترۆنییان بۆ ماوەی دوو مانگ لێبڕاوە.

هەروەها لە نووسراوەکەی پەروەردە جەخت لە ئاراستەکردنی ئاگادارکردنەوە بە بانکەکە دراوە و هۆشداری ئەوەشدراوە کە لە ئەگەری پابەندنەبوون بە گرێبەستی نێوانیان و دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە، ئەوا گرێبەستەکەیان لەگەڵ بانکی رافیدەین هەڵدەوەشێننەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانیش کە بەشێک لە میدیاکان بەدواداچوونیان بۆ هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی پەروەردەی عێراق لە پرۆژەی تەوتین لە بانکی رافیدەین، ئاماژەیان بەوەکردووە، بەشێک لە کارمەندانی ئەو بانکە بە ئەنقسەت، دابەشکردنی مووچە دوادەخەن و لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا مامەڵە بەو پارەیەوە دەکەن.

هاوکات جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، کە کێشەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پرۆژەی تەوتینی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکی رافیدەین بەردەوامە و وەزارەتی پەروەردە جارێکی دیکەش هۆشداری داوەتە ئەو بانکە و پێشنیازی ئەوەشکراوە لەبری بانکی رافیدەین، دابەشکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە لە بانکی بازرگانی عێراقی دابەش بکرێت.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، چەند کەسێک تۆمەتبارن بە راکێشانی پارە بە شێوەیەکی نەختینە لە هەژماری بانکی دەستەی گشتی باج لە بانکی رافیدەین، لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێکدا کە هەمیشە لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.

لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی رافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج پشتڕاست كرده‌وه‌، دادگای کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.

رۆژی (1ـی شوباتی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج بردرابوو، راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.

0