ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان لە پارێزگای زیقار بە شێوەیەکی "ترسناک" زیادی کردووە
K24 - هەولێر
رێژەی هەژاری لە پارێزگای زیقار سەدا 48ـی تێپەڕاندووە و هەزاران گەنجی شارەکە بێکارن، دانیشتووانی زیقار ژیانیان بەجۆرێک سەختە، کە لە تاو کێشە و ئازارەکانییان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، ئامارەکانیش دەری دەخەن، ڕێژەی خۆکوشتن لە چینی گەنجانی ئەو شارە بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە.
بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی زیقار بەجۆرێک خراپە، وای لێکردوون مردن بە فریادڕەس بزانن و پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.
زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەدەست کۆمەڵێک کێشەی هەمەجۆرەوە گرفتارن، پارێزگای زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە خەڵکەکەی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی کەڵەکەبوو یەخەی گرتوون و ڕێژەی خۆکوشتنیش لە چینی گەنجانی ئەو شارە بەشێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە حکوومەتییەکان، لەماوەی ساڵی 2022 و 2024ـدا 200 حاڵەتی خۆکوشتن لە پارێزگای زیقار تۆمار کراون، کە 52 لەو حاڵەتانە بە خۆخنکاندن و حاڵەتەکانی دیکە بە، خۆسووتاندن، تەقەکردن و ژاراوخواردن بووە، کە زۆرینەیان لە چینی گەنجان بوون.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پارێزگاکە، ئامارەکانی حکوومەت بە ناڕاست وەسف دەکەن و دەڵێن، ئامارەکانی خۆکوشتن لە شارەکە، زۆر لەوە زیاترە کە حکوومەت بڵاویان دەکاتەوە، سەروو 400 حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
لەلای خۆیەوە ڕێکخراوی پەیوەندی و برایەتی مرۆیی لە پارێزگای زیقار، هۆکاری سەرەکی خۆکوشتنی دانیشتووانی زیقار بۆ، هەژاری، بێکاری، توندوتیژی خێزانی و ماددە هۆشبەرەکان دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلان دانانیش، لە سەدا 48ـی دانیشتووانی پارێزگای زیقار لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو پارێزگایە بێکارن.