یاکۆ بێرێندز: پێویستە هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان شەفاف و گشتگیر بێت

یاکۆ بێرێندز
یاکۆ بێرێندز

K24 - هەولێر:

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی كوردستان24ـدا كه‌ له‌ لایه‌ن حاكم فه‌رهاده‌وه‌ كراوه‌، سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هۆڵه‌ندا و هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌ كورسیی پێكهاته‌كان و به‌شداریی سیاسییان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌؛ ده‌شڵێت، گرنگه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت.

یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، وای دەبینێت گرنگی پەیوەندیی هۆڵه‌ندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت، چونکە ئەگەر ئەم هەرێمە بە سەقامگیری بمێنێتەوە، ئەوا بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق و تەواوی ناوچەکەش هۆی سەقامگیریی ده‌بێت.

یاکۆ بێرێندز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش خۆشحاڵن كه‌ كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێش ده‌خه‌ن و ترسیان له‌ ئایینده‌ی كار و پڕۆژه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ و تا دێ بازرگانیی گوڵ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌بێت. گوتشی، كه‌شوهه‌وای هه‌رێمی كوردستان بۆ پڕۆژه‌كانی ئه‌وان له‌ باره‌.

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، "بڕوامان وایە  هەڵبژاردنێکی نوێ لەم هەرێمە کاتێکی زۆری بەسەر چووە و لەبەر هۆی جۆراوجۆر چەندان جار دوا خراوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە هەڵبژاردن ڕوون و گشتگیر بێت."

له‌ باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی بۆ نه‌هێشتنی كورسیی پێكهاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، لە هەرێمی کوردستان پێكهاته‌كان هەمیشە بە باشی بایەخیان پێ دراوه‌، بە تایبەت لەم دواییانەدا کە گرنگ بووە پێکهاتەکانیش قسەی خۆیان هەبێت و لە هەڵبژاردن شوێنی خۆیان بدۆزنەوە. 

بۆ بینینی ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ ئه‌م لینكه‌ دابگره‌