ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەرانی پەسندکرد
K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان پەسند کرد.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم، بەپێی پێوەرە کار پێ کراوەکان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانجێکی دیکەی ئەم پەیڕەوە، مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و ڕوونیی لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریی گرێبەستە حكوومەتییەكاندا.