کیم ئون چۆل: بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمەریکاوە پەرە بە چەکی ئەتۆمی دەدەین

K24 - هەولێر

کیم ئون چۆل، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر پیۆنگ یانگ بووەتە "پەتێک لە ملی" خودی واشنتن، هەروەها بەهۆی هەڕەشەکانی ئەوانەوە ئێمە "پەرە بە چەکی ئەتۆم دەدەین".

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری جێگری وەزیری کۆریای باکوورەوە ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە لەگەڵ وڵاتاندا، دەتوانێت لە یەک کاتدا گرنگیان پێبدات و ملکەچییان بکات.

ناوبراو لە قسەکانیدا گوتی، "ئەمەریکا ناتوانێت ئەوە لەگەڵ ئێمەدا بکات، چونکە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا سزاکان بوونەتە پەتێک لە ملی خودی ئەمەریکا".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا باش دەزانێت بەهێزکردنی هێزەکانمان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە کۆمارەکە هەروەها وەڵامی هەڕەشە ئەتۆمییەکانمان و هەموو ئەمانە لەلایەن خودی هەڕەشەکانی ئەمەریکاوە دەستیپێکردووە.

ڕاشیەگەیاند، کە پیۆنگ یانگ بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەگەر سزای زیاتر بسەپێندرێت.