دادگه‌ی توركیا هەڕەشەی داخستنی دەم پارتی دەكات

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

K24 - هەولێر

جارێکی دیکە پارتێک کە بەرگری لە مافەکانی کورد دەکات لە تورکیا مەترسی داخستنی لەسەرە و تۆمەتی ئەوەی خراوەتەپاڵ گوایە ئاڵای تورکیای لە شارەوانییەکان لاداوە و وێنەی دامەزرێنەری ئەو وڵاتەشی هێناوەتە خوارەوە لەگەڵ ئەوەش سووکایەتیی بە مارشی نەتەوەیی تورکیا کردووە؛ دەم پارتیش سەرجەم تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.

داخستنی دەم پارتی جارێکی دیکە لە رۆژەڤی تورکیا ڕەنگی داوەتەوە و پارتێکی سیاسی لە تورکیا داوا دەکات نەک تەنیا دابخرێت، تەنانەت دەبێت پارێزبەندیی لە تەواوی پەرلەمانتارەکانیشی وەربگیرێتەوە و نەهێڵدرێت جاریکی دیکە پارتێکی دیکە ڕابگەیەنن.

بابەتەکە دوای ئەوە گەرمبووەتەوە کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە دەم پارتی لەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری ئەمساڵ بەدەستی هێناون، ئاڵای تورکیایان لە ناو باڵەخانەکە لاداوە و وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەیان لاداوە.

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشتر هەدەپە و ئێستاش دەم پارتی نەیانتوانیوە خۆیان لە پەکەکە بەدوور بگرن بۆیە، پێویستە دەم پارتی خۆی لە پەکەکە بەدوور بگرێت، بەپێچەوانەوە دادەخرانی ئەو پارتە شتێکی حەتمییە.

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا گوتی، "پێویستە دەم خۆی لە رێکخراوی تیرۆریستی بەدوور بگرێت. هەر لایەنێک داوای سیاسەتی دیموکرات دەکات پێویستە تیرۆر ڕەت بکاتەوە. لە دیموکراسییەکان توندوتیژی جێگەی نابێتەوە و ئازادی رادەربرین هەیە، بەڵام ئەگەر ئێوە پاڵپشتی لە توندوتیژی بکەن، دەوڵەتی خاوەن یاسا ئەمە رەت دەکاتەوە. ئەگەر دەم پارتی خۆی لە رێکخراوی تیرۆریستی بەدوور نەگرێت، داخستنی ئەو پارتە بابەتێکی حەتمییە".

دواجار تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، کەسانێک لەرێگەی ورووژاندنی هەستی کۆمەڵگا لەرێگەی بەها و سیمبوڵەکان، هەوڵ دەدەن گەندەڵی و تاڵانکارییەکانیان بشارنەوە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەی خستەڕوو، "سووکایەتیکردن بە بەها و سیمبوڵەکان لە تێگەیشتنی ئیدارە خۆجێییەکانی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە. ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکان شکستیان هێنا و ترسی ئایندەیان بەسەر نیشتووە دەیانەوێت لە ڕێگەی ورووژاندنی هەستی کۆمەڵگاوە گەندەڵی و دزی و تاڵانکارییەکانی خۆیان بشارنەوە. ئەوانەی چەند رۆژە دەمانکەنە ئامانج، دوژمنی دیموکراسین و هەرگیز رێگە بەم جۆرە چەواشەکارییانە نادەین".  

داخستنی پارتە کوردییەکان یان ئەو پارتانەی کە بەدوای فەراهەمکردنی مافی کوردانن لە تورکیا شتێکی نوێ نییە و تا ئێستا حەوت پارت بە بڕیاری دادگا داخراون و دوو پارتیش خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت داخستنی دەم پارتی دەبێتە بابەتی رۆژەڤی چەند رۆژی ئایندەی سیاسەتی تورکیا.