ئەمەریکا ئیدانەی سووتاندنی بارەگاکانی پەدەکەسە لە قامیشلۆ دەکات

لۆگۆکانی پەدەکەسە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا
لۆگۆکانی پەدەکەسە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا

K24 – هەولێر:

ئەمەریکا ئیدانەی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) دەکات و داوای ڕاگرتنی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: ئیدانەی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە قامیشلۆ دەکەین.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە هێرشکردنە سەر بارەگا و پارتە سیاسییەکان لە باکووری سووریا بوەستێت و لێپرسینەوەش لە بکەرانی ئەو ڕووداوە بکرێت.

هەروەها لە پەیامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا  داوای لە هەموو لایەنکان کردووە پابەندی گوتاری ئامانجدار بن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی سووریا دوور لە توندوتیژی.

ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "چەکدارانی سەر بە پەیەدە" هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامیشلۆ و هەموو کەلوپەلەکانی نێو هەردوو بارەگاکەیان سووتاندوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چەکدارانی پەیەدە لە هەمان کاتدا هەوڵیان داوە نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری ترپەسپی لە ڕۆژئاوای کوردستان بسووتێنن. هاوکات، ئەنەکەسە هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە.

پێشتریش لە (1ـی ئاداری 2024) هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کە بڕیار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسەی تێدا بەڕێوە بچێت.