دەم پارتی دادەخرێت؟ 78 شارەوانی باکووری کوردستان لەژێر هەڕەشەی دانانی قەییوم دان

بارەگای سەرەکی دەم پارتی
بارەگای سەرەکی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، جارێکی دیکە پرسی دانانی قەییوم لەو شارەوانییانەی دەم پارتی تێیدا براوەیە، دەبێتە رۆژەڤی تورکیا و وەزیری دادی ئەو وڵاتەش ئاماژە بە داخستنی پارتەکە و دانانی قەییوم دەکات.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند: "دەم پارتی خاوەنی 78 شارەوانییە، ئەگەر ئەم شارەوانییانە بەشێوەیەک لە شێوەکان پاڵپشتی لە رێکخراوی تیرۆریستی بکەن چی دەبێت؟ بەگوێرەی ماددەی 117ـی دەستوور و ماددەی 45ـی یاسای شارەوانییەکان، هەر شارەوانییەک پاڵپشتی لە تیرۆر بکات، ڕووبەڕووی ئەو رێکارانە دەبێتەوە کە پێشتر گیراوەتەبەر".

وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە: "هیچ کەسێک حەز ناکات پارتێک هەر لە پڕێکا دابخرێت، هاوکات کەسیش ئارەزووی سەپاندنی قەییوم بەسەر شارەوانییەک ناکات، ئەگەر سەرۆک شارەوانییەکان داهاتی ئەو شارەوانییانە بدەن بە دوژمنانی وڵات، وەک ئەوەی لە ڕابردووش کردوومانە، رێکاری یاسایی دەگرینەبەر".

هەروەها یڵماز تونچ باسی لەوەشکردووە: "پێویستە دەم پارتی خۆی لە رێکخراوی تیرۆریستی بەدوور بگرێت. هەر لایەنێک داوای سیاسەتی دیموکرات دەکات پێویستە تیرۆر ڕەتبکاتەوە، ئەگەر دەم پارتی خۆی لە رێکخراوی تیرۆریستی بەدوور نەگرێت، داخستنی ئەو پارتە بابەتێکی حەتمییە".

لە بەرامبەر ئەوەشدا، گوڵستان کلچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "وەزیری داد هیچ شتێک ناکات لەبەرامبەر ئەو هەموو نادادپەروەرییانەی هەیە، کەچی ڕەخنە لە دەم پارتی دەگرێت و لەبارەی پارتەکەمانەوە قسە دەکات. هەوڵ دەدات ڕای گشتی لە دژی پارتەکەمان دروستبکات و بیخاتە بازنەیەکی یاسایی و فشاری لەسەر دروست بکات. لێرەوە دەپرسم: بەڕێز وەزیری داد کارێکی دیکەتان نییە؟ وادیارە بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە رازی نین و دەیانەوێت لەڕێگەی ئاراستەکردنی دادگاکان، سکاڵای یاسایی بۆ داخستنی دەم پارتی تۆمار بکرێت".

نەدیم شەنەر، ڕۆژنامەوانی نزیک لە ئاکپارتی و حکوومەتی تورکیا لە گۆشەی ڕۆژی (26ـی نیسانی 2024)ـی ڕۆژنامەی حوڕییەت ئاشکرایکردووە، یەکەم هەنگاو بۆ پرۆسەی داخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تورکیا گیراوەتەبەر و داوای ئەو پێشێلکارییە یاساییانەی سەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەو پارتە کردووە، کە پێچەوانەی دەستوور و یاسای پارتە سیاسییەکانە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تۆمەتی ئەوەش خراوەتە پاڵ دەم پارتی کە گوایە ئاڵای تورکیای لە شارەوانییەکان هەڵگرتووە و وێنەی دامەزرێنەری ئەو وڵاتەشی هێناوەتە خوارەوە، هەروەها سووکایەتیی بە مارشی نەتەوەیی تورکیا کردووە. بەڵام دەم پارتی سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە: "لە نەریتی ئەواندا سووکایەتیکردن بە بەهاکان نییە". هەرچەندە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەبارەی شارەوانی سوور لە دیاربەکر بەردەوامە.

لەلایەن خۆیەوە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، کەسانێک لەرێگەی ورووژاندنی هەستی کۆمەڵگە بە باسکردنی بەها و سیمبوڵەکان، دەیانەوێت گەندەڵی و تاڵانکارییەکانیان بشارنەوە.

تونجەر باکرهان گوتیشی: "سوکایەتیکردن بە بەها و سیمبوڵەکان لە تێگەیشتنی ئیدارە خۆجێییەکانی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە. ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکان شکستیان هێنا و ترسی ئایندەیان بەسەردا نیشتووە، دەیانەوێت لە ڕێگەی ورووژاندنی هەستی کۆمەڵگەوە گەندەڵی و دزی و تاڵانکارییەکانی خۆیان بشارنەوە. ئەوانەی چەند ڕۆژە دەمانکەنە ئامانج دوژمنی دیموکراسین و هەرگیز ڕێگە بەم جۆرە چەواشەکارییانە نادەین".

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵگرتنی ئاڵای تورکیا لە شارەوانی دیاربەکر، پشکنەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گەیشتە ئەو پارێزگایە و لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەستیانپێکرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕێکی لۆکاڵی ئەو پارێزگایە، پشکنەرەکان سەرەتا سەردانی گەورەشارەوانی دیاربەکر دەکەن و لەوێوە بەدواداچوونەکان دەستپێدەکات.

داخستنی پارتە کوردییەکان یان ئەو پارتانەی لە پێناو مافی کورد لە تورکیا خەبات دەکەن، پێشهاتێکی نوێ نییە و تاوەکو ئێستا حەوت پارت بە بڕیاری دادگا داخراون و دوو پارتیش خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە. بۆیە فراوانبوونی پرسی داخستنی دەم پارتی لە ماوەی داهاتوودا، چاوەڕوانکراوە، لە کاتێکدا ئەو دەنگانەی هەیە، جگەلە داخستنی پارتەکە، داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی یاسایی لە پەرلەمانتاران و قەدەغەکردنی سەرکردەکانی دەم پارتی لە کاری سیاسیی دەکەن.

ڕۆژی (31ـی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش جەهەپە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی تورکیا بەدەستهێناو بووە هێزی یەکەمی ئەو وڵاتە و پێش ئاکپارتی کەوتەوە، هاوکات دەم پارتیش لە 78 شارەوانی کە 10 شارەوانییان گەورەن، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

هەروەها لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی (31ـی ئایاری 2023) دەم پارتی کە درێژکراوەی هەدەپەیە و لەو هەڵبژاردنە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشدارییان کرد، بوونە خاوەنی 57 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.