هاووڵاتییانی بەغدا لە بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە نیگەرانن

بەغدا- پایتەختی عێراق
بەغدا- پایتەختی عێراق

K24 – بەغدا:

بەرزبوونەوەی پێوانەیی کرێی خانووبەرە لە بەغدا بووەتە هۆکاریی ئەوەی زۆرێک لە هاووڵاتییان پەنا بۆ ئەو ناوچانە ببەن کە بە کەڵکی ژیانکردن نایەن، کەمترین کرێی خانوو لە بەغدا 400 هەزار دینارە و هاووڵاتییانیش دەڵێن، کرێی خانوو زۆر لەوە زیاترە بتوانین دابینی بکەین.

لە بەغدا هەموو شتێک فشار لەسەر هاووڵاتییان دروست دەکات، هەر لە قەرەباڵغیی خنکێنەرانەی هاتووچۆ و نەبوونی هەلی کار، تا دەگاتە بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، بە شێوەیەک لە توانای زۆرێک لە هاووڵاتییان دەرچووە و کەمترین بڕ گەیشتووەتە 400 هەزار دینار. ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان پەنا بۆ ئەو ناوچانە ببەن کە بە کەڵکی ژیانکردن نایەن.

شیهاب ئەحمەد، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمترین کرێی خانوو 450 هەزار دینارە، ئەو کرێکارەی هیچی نییە یاخود وەکو من مووچەکەی 250 هەزار دینارە لە مانگێکدا چۆن دابینی بکات، ئەم پارەیە بدەمە کرێ یاخوود خەرجیی و خواردن و خواردنەوە.

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوەی عەلی عەبباس، دەڵێت: کرێی خانوو لە بەغدا کارەساتە، دوو ژوور بە 400 یاخود 450 هەزار بۆ هاووڵاتیی زۆر زۆرە، هاووڵاتیی نازانێت چی بکات، کارەبا، ئێنتەرنێت، خەرجییەکان گەلێک زۆرن.

لەلای خۆیەوە مستەفا ئەحمەد، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە بە کوردستان24ـی گوت: بەرزبوونەوەی کرێ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرەوە هەیە، ئەمەش بەهۆی هەڵاوسانەوەیە، ئێستا نرخی کرێ لەگەڵ داهاتی مانگانە و ساڵانەی هاووڵاتییان ناگونجێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسەش پێویستە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێل.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێوانەی کرێی خانووبەرە لە بەغدا، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوپۆشی لە پرسەکە دەکەن و هیچ چارەسەرێکیان بۆ دانەناوە و هاووڵاتییانیان خستووەتە ناهەموارییەوە.