لە کەرکووک پەردە لەسەر وێنەی شەهیدێکی دووی ئەیلوول لا درا

وێنەی شەهید هەڤاڵ ستار، یەکێک لە شەهیدەکانی دووی ئەیلوولی 2023
وێنەی شەهید هەڤاڵ ستار، یەکێک لە شەهیدەکانی دووی ئەیلوولی 2023

K24 – کەرکووک:

کەسوکاری شەهید هەڤاڵ ستار سەعید کە لە خۆپیشاندانەکانی دووی ئەیلوولی 2023 بە گوللـەی هێزە عێراقییەکان شەهیدکرا، پەردەیان لەسەر وێنەکەی لادا و شەقامێکی گەڕەکی سەرچناری کەرکووکیان بە ناوەوە کرد.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) لە کەرکووک، ژمارەیەک لە کەسوکار و هاوڕێیانی شەهیدانی خۆپیشاندانەکەی دووی ئەیلوولی 2023، پەردەیان لەسەر وێنەی شەهید هەڤاڵ ستار سەعید لادا و شەقامێکی ناوخۆیی گەڕەکەی سەرچناری شاری کەرکووکیان بە ناوەوە کرد، کە هەر لەو شوێنەدا بە گوللـەی هێزە عێراقییەکان شەهیدکرا.

لەلایەن خۆیەوە، هەردی ستار برای شەهید هەڤاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا نە دادگا و نە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو لیژنەی بەداداچوونی بۆ دۆسیەی شەهیدبوونی چوار گەنجەکەی کەرکووک دەکرد، هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە و هیچ ڕێکاریش بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەو شەهیدانە و منداڵ و کەسوکارەکەی نەگیراوەتەبەر.

کەسوکاری شەهید هەڤاڵ لەسەر ئەرکی خۆیان وێنەی شەهیدەکەیان لەسەر شەقامێکی شارەکە داناوە و گلەیی ئەوەشیان ئاراستەی ئیدارەی شارەکە کرد، کە بێ باکە بەرامبەر خوێنی ڕۆڵەکانی شارەکەیان و دەبوایە ئەوان ئەو کارەیان ئەنجام بدایە، چونکە "ئەو گەنجە لەپێناو کەرکووک خوێنی بە ناهەق ڕژاوە".

رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی رەحیماوەى شاری کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژى داخستنی رێگەى کەرکووک - هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیەک گەنجی کوردی شارەکەش دەستگیرکران.

هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.

دوای فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

داخستنی شاڕێی شارەکە، کاریگەری تەواوی لەسەر راگرتنی کار و کەسابەتی هاووڵاتییان دروستکرد و بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگیش لە هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر، بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێزاری و بارگرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانەکەی دروستکرا، ئەمەش وایکرد هاووڵاتییان سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو بێڕێزی و دەستدرێژییانەی لەناوچەکانیان دەکرێت، داوای کۆتاییهێنان بەو دۆخە بکەن.