ئیسپانیا مووشەکی پاتریۆت و تانک و زرێپۆش ڕەوانەی کیێڤ دەکات

K24 - هەولێر

ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا دووپاتی کردەوە، کە مووشەکی پاتریۆت و زرێپۆش و تانکی لیۆپاردیشیان ڕەوانەی کیێڤ کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا، وەزیری بەرگری ئیسپانیا "مارگاریتا ڕۆبلێس"، لە میانی کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی ڕامشتاین، گوتی: سیستەمی مووشەکی پاتریۆتیان ڕەوانەی کیێڤ کردووە و بڕیارە لە ماوەی چوار ڕۆژدا بگاتە دەستیان.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە، کۆمەڵێک مووشەکی پاتریۆتی دوور مەوداشی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، کە لە ماوەی چوار ڕۆژدا دەگەنە بنکەی لۆجستیکی.

ئاماژە بەوە کراوە، ئیسپانیا پلانی هەیە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دۆشکە و چەکی سووک و ئۆتۆمبێلی لۆجستی و هەڵگری سەربازان، هەروەها چەکی دژە تانک و هاویتزەر بنێرێت.

وەزیری بەرگری ڕاشیگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی ژمارەیەک تانکی شەڕکەری نوێی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا بەپێی پلانەکان دەڕوات و تا کۆتایی مانگی حوزەیران ئامادە دەبن.

ڕۆبێڵس دەشڵیت: لە چەند مانگی داهاتوودا تەقەمەنی عەیار 155 ملم و 120 ملمی ڕەوانەی کیێڤ دەکەین.

ئیسپانیا خاوەنی چوار پاتری پاتریۆتە کە یەکێکیان لە تورکیا دانراوە لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆ بۆ پاراستنی ئاسمانی تورکیا لە مووشەکەکان.