بڕیاری لێخۆشبوونی سەدا 20ـی قەرزی کەڵەکەبوو کەرتی گەشتیاریش دەگرێتەوە

K24 - هەولێر

بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی 20% باج و ڕسووماتی ساڵانەی سەر هاووڵاتیان و قەرزی کەڵەکەبووی ئاو و کارەبا، کەرتی گەشتیاریش سوودمەند دەبێت لەو بڕیارە، هەروەها ئەو هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و پڕۆژە گەشتیارییانەی قەرزی کەڵەکەبووی باج و ئاو و کارەبای نیشتیمانییان کەوتووەتە سەر، لە 20 لەسەدی قەرزەکانییان دەبەخشرێن.

هەڵگورد نووری، خاوەن پڕۆژەی گەشتیارییە و 30 ملیۆن دینار قەرزاری حکوومەتە و بەهۆی بڕیارەکەوە شەش ملیۆن دینار لێخۆشبوونی بەردەکەوێت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، کاسبکاران زیانێکی زۆریان بەرکەوت، بەڵام بەهاتنی دوو مووچە بوژانەوەیەکی باش هاتە کایەوە، داواشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 20% باج و قەرزەکان خۆشبووە بۆیان بکاتە قیست، ئەوەش بۆ ئێمە کارئاسانییە.

سێکتەری گەشتیاری یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا، داهاتی گەشتیاری و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری چەند بەرانبەر چووەتە پێشەوە، لە پێناو کارئاسانی بۆ خاوەن پڕۆژەکانی گەشتیاری، بڕیارەکەی حکوومەت بۆ لێخۆشبوونی  20% باج و ئاو و کارەبا خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان دەگرێتەوە.

ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان، بە کوردستان24ـی گوت: خاوەن پڕۆژەکان بەڕێژەیەکی زۆر قەرزاری کارەبان، بۆیە ئەگەر وەزارەتی کارەبا کارئاسانییان بۆ بکات و بەشێوەی قیست پارەکانییان لێ وەربگیرێتەوە و لێخۆشبوونەکەش بیانگرێتەوە، ئەوە زۆرترین شوێنی گەشتیاری سوودمەند دەبن لە بڕیارەکە، هەروەها پێشبینیش دەکرێت خاوەن پڕۆژەکان پێشوازییەکی باش لە بڕیارە بکەن ئەگەر بەوشێوەیە کارئاسانیان بۆ بکرێت.