شارەزایەکی ئەمنی: زۆر لایەن هەن نایانەوێت غازی کۆرمۆر ببێتە جێگرەوەی غازی هاوردەکراو

موخلید حازم، شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی لە بەغدا
موخلید حازم، شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی لە بەغدا

K24 – هەولێر

شارەزایەکی بواری ئەمنی و سەربازی لە بەغدا ڕایگەیاند، زۆر لایەن هەن نایانەوێت وزەی ناوخۆیی جێگەی هاوردەکردن بگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی نیسانی2024، موخلید حازم، شارەزا لە بواری ئەمنی و سەربازیی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، دەستێکیان لە پشتە و مەبەستیان تێکدانی سەقامگیریی و ئەمنی و ئابووریی و  ئاسایشی وڵاتە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە چەند لایەنێک نایانەوەی عێراق و کوردستان بەرهەمی خۆیان هەبێت.

بە گوتەی ئەو شارەزایە، "غاز، هەرێمی کوردستان سوودی لێ دەبینێت، حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کارەبا ڕێککەوتنیان هەبووە کە ئەم وزەیە بفرۆشن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی کارەبای پێ پڕ بکەنەوە لە عێراق. زۆرێک لایەن هەن نایانەوێت ئەم وزەیە جێگە هاوردەکردن بگرێت، چونکە ڕێککەوتن هەیە لەبواری وزە، لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و  نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان."

ئەو شارەزایە دەڵێت: "بۆ چوونێک هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەیەکی نەخشەسازی دابنرێت، بۆ بواری نەوت و گازی سروشتی، هەتا لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا پشتیوانییەکی گەورە هەبوو بۆ وەبەرهێنان لە عێراق بەتایبەت لە گازی سروشتی، بەڵام چەند دەستێکی شاراوە هەن نایانەوێت، ئەم سەقامگیرییە هەبێت و ڕێککەوتنەکان بەرهەمیان هەبێت، هەروەها نایانەوێت حکوومەتی سوودانی سەرکەوتووبێت، بەڵگەش ئەم هێرشانەیە کە زیانێکی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بە دوای عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دا دەهێنێت."

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 26ـی نیسانی 2024، میلیشیا و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر چەند کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی کێڵگەکە کوژران. ئەمە جاری دووەمە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکرێتە سەر کێڵگەکە.

هێرشبەرەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەر بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کورستان بگرن، هەر لەبەر ئەوەش گەورەترین سەرچاوەی دابینکەری کارەبایان کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی عێراقیش لەجیاتی دۆزینەوەی چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کۆتایهێنان بەم  دەستدرێژییانە وەک هەموو جارێک ئەم جارەش لیجنەی بۆ پێکهێناوە.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی رۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.