خاوەنی چاپخانەیەک: ئەو چاپانەی دەبرێنە دەرەوە زیانێکی زۆری بە ئێمە گەیاندووە

K24 - هەولێر

تەمەنی چاپخانەکە 24 ساڵە، لە کاتژمێرێکدا هەشت هەزار پەڕە چاپ دەکات، واتە لەماوەی هەشت کاتژمێردا پێنج هەزار کتێب چاپ دەکات، لەڕووی کوالێتی و کاتەوە هەمان ستانداردی جیهانییە، جگە لە خەرجی مانگانە کێشەی ئەوەیان هەیە ناتوانن چاپی کتێبەکانی هەرێمی کوردستان ببەنە چاپخانەکانی وڵاتانی دراوسێ.

سۆران تاودەر، خاوەنی چاپخانەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانای چاپخانەکانمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئەو ئامێرانەی لای ئێمە هەیە زۆر باشن و مارکەی ئەڵمانین، هەروەها دەتوانێت لەیەک کاتدا دەتوانێت هەموو ڕەنگەکان چاپ بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە کتێب و بڵاوکراوەکان بۆ چاپ دەبرێنە دەرەوەی وڵات، وەکو ئێران و تورکیا. ئەمەش بەهۆی جیاوازی نرخەوەیە، ئەگەرنا توانای چاپکردن لە وڵاتی خۆمان یەکجار پێشکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەرهەمانەی بۆ چاپ دەبرێنەوە دەرەوە، زیانێکی زۆریان بە ئێمە گەیاندووە، چونکە چاپخانەکانی ئێمە بەشی چاپی ناوخۆ دەکات.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار چاپخانە هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 250 چاپخانەی گەورەن، کە دەتوانێت تەواوی کاری چاپەمەنی بکات.

عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چاپخانە هەیە سەرمایەکەی پێنج ملیۆن دۆلارە، بەڵام چادری پێدا داوە، گوتیشی: کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان نوسراومان بۆ گومرگ بردووە هەروەها بۆ لایەنی پەیوەندیدارمان بردووە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری، گوتومانە ڕيگه مەدەن بەرهەمی نووسەران و هونەرمەندان لە دەرەوە چاپ بکرێن، چونکە هەر چاپێک لەناوخۆ بکرێت ئەوە داهاتەکەی بۆ ناوخۆ دەبێت.

زۆرێک لە نووسەران لەبەر جیاوازیی نرخی چاپ کتێبەکانیان لەدەرەوەی هەرێم چاپ دەکەن، چونکە لەوێ هەرزانترە بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا بۆ چاپی کتێبێکی 250 لاپەڕەیی 10 بۆ 20 سەنت جیاوازییەکەیەتی.