عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک: ھێرشی ئەمجارەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تەواو جیاوازە

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

K24 - هەولێر

کەسایەتی سیاسی، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، دەڵێت: ھێرشی ئەمجارەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە تەواوی لە جارەکانی تر جیاوازە و دەبێت بە ھەند وەربگیرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی نیسانی 2024، کەسایەتی سیاسی، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی، ھێرشی ئەمجارەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە تەواوی لە جارەکانی  تر جیاوازە و دەبێت بە ھەند وەربگیرێت

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک  گوتیشی: پێشتر لەلایەن کەسایەتی و بەرپرسانی ئاسایی ناوخۆی خۆمان و حەشدی شەعبی لە سنوری دوز ئەگەر پشک و سەرانەیان پێ نەدرایە بە گوللـە ڕاجیمە ھێرش دەکرا، بەڵام ئەمجارە وەکو لە گرتەی ڤیدیۆیی دا بە ڕوونی دیارە، ھێرشەکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراوە، ئەو درۆنەش لای کەسانی ئاسایی نییە و بۆ بەرژەوەندیی کەسیی بەکار نایات و ئامانجەکە زۆر لەوە گەورەتر و مەترسیدارترە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھێرشکردن بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کە چەکێکی وێرانکەری وڵاتی ئێرانە و لەم کاتەدا کە ھەوڵی بەستنەوەی لوولەی گازی سروشتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئەوروپا دەدرێت و باس لە ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق و ئەمەریکا دەکرێت بۆ دروستکردنی هێلی ترانزێتی ستوونی گەشە لە بەسرە بۆ تورکیا و لاوازبوونی ھەژموونی ئێران لە عێراقدا بەھۆی ئەو پرۆژە ستراتیجیانەوە، ڕوونە کە چی دەگوزەرێت، بۆیە ئەم بابەتە ھەروا ئاسان نیە و ڕەنگە حکوومەتی ھەرێم و عێراقیش نەتوانن پێش بەو مەترسیانە بگرن ئەگەر ئەمەریکا ھاوکار نەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ کراوە لە جۆری شاهد 101 (کامیکانزی)ـە و دروستکراوی ئێرانە، یەکەمجار لە عێراق بە ناوی موراد5 لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە نمایش کرا و چەندین جار لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و لە هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەکار هێنراوە.

ئێوارەی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و دووانی دیکەش برینداربوون، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە لە ناوچەیەکی نزیک و لە ناوخاکی عێراقەوە کراوەتە سەر کێڵگەکە، هەر بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.