کشتوکاڵی هەولێر: پێویستە هێلکە هەناردە بکرێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە شاری هەولێر ڕۆژانە نۆ تا 10 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت، پێویستە هەناردە بکرێن و کارئاسانیی بۆ خاوەن پڕۆژەکان بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن لە هەولێر 20 پڕۆژەیە، بەڵام لەو ڕێژەیە تەنیا 18 پڕۆژەیان کاردەکات.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "لە شاری هەولێر ڕۆژانە نۆ تا 10 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت، پێداویستی شاری هەولێریش دوو هەزار و 500 تا سێ هەزار کارتۆنە ڕۆژانە."

هێمن سەید موراد گوتیشی: "نزيك بە حەوت هەزار کارتۆن هێلکە له پێداویستی هەولێر زیاترە و پێویستە هەناردە بکرێت و کارئاسانیی بۆ خاوەن پڕۆژەکان بکرێت".

ڕۆژی پێنجشەممە، 25ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر هێلکەی هاوردەکراو وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان دا.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، سەپاندنی باجی گومرگی زیادە بە بڕی 50% لەسەر هێلکەی هاوردەکراو، جگە لە باجی گومرگی ئێستە 20%، هەروەها ڕاسپاردنی لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

لە کۆتایی بڕیارەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە دووی ئایاری 2024ەوە جێبەجێ دەکرێت.

لای خۆیەوە نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی نووسیویەتی، عێراقییەکان ساڵانە حەوت ملیار هێلکە دەخۆن. هەر بۆیە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هێلکەی هاوردەکراو لە 20% بۆ 70%،  بە مەبەستی پشتگیریی بەرهەمی ناوخۆییە.

گوتیشی، "بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران لە کاتێکدایە عێراق ساڵانە بە بەهای نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار هێلکە هاوردە دەکات، و "عێراقییەکان ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار هێلکە بەکار دەهێنن".