وەزارەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان: دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بێ ستیکەر مەکڕن

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان

K24 - هەولێر 

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە کڕینی دەرمان یان هەر پێداویستییەکی دیکەی پزیشکی بێ ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵ.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد خۆیان بە دوور بگرن "لە هەر دەرمان یان هەر پێداویستیەکی پزیشکی بێ ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵ؛ خۆتان دڵنیا بکەنەوە لە بوونی ستیکەر و کۆدی کوالێتی کۆنترۆڵ".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەموو کۆمپانیا، کۆگە و دەرمانخانەکان لەبارەی ئەم پرسە ئاگادار کراونەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، "بەرژەوەندی و تەندروستیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەمووانە؛ لە هەر شوێنێک دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر هەبێت، مامەڵەی تاوانی لەگەڵ دەکرێت و سزای توند دەدرێت".

وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەبێ کوالێتی کۆنترۆڵ بە دەرمانی نایاسایی و قاچاغ دادەنرێت" بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەگەر هەر جۆرە دەرمان و پێدوایستییەکی پزیشکییان بینی بێ ستیکەرە، وەری نەگرن، مەیکڕن و هەواڵی تیمی چاودێری بدن بە پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە مۆبایلی ڕاستەوخۆی کۆڕەک تیلیکۆم 07502356000 یان وەتسئەپی هەمان ژمارە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشت کۆمپانییەکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی، پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی ئاگادار کردبووەوە،  ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکییانەی بێ ستیکەرن بگەڕێننەوە کۆگاکانیان.