دوای 10 ساڵ لیجنەی هاریکاریی ئابووریی ئیمارات و ئێران کۆ دەبنەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیمارات، ئەرشیف
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیمارات، ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، لیجنەی هاوبەشی هاوکاریی ئابووریی نێوان ئیمارات و ئێران لە ئەبوزەبی لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کۆ دەبێتەوە.

 ئەم کۆبوونەوەیە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەیە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، میهرداد بەزەرپاش، وەزیری ڕێگاوبان و بیناسازی ئێران و عەبدوڵڵا بن توق ئەلمەری، وەزیری ئابووری ئیمارات ئامادەی دەبن.

 ئیمارات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران کەمکردەوە، دوای ئەوەی ڕیاز لە ساڵی 2016دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند، بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەران بوو بۆسەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران، هێرشەکەش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە لەسێدارەدانی ئیمامێکی دیاری شیعە لەلایەن ڕیازەوە بوو.

دوای چەندین ساڵ لە گرژی و ئاڵۆزی ئیمارات لە ساڵی 2019 دەستی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە لەگەڵ تاران.

 بڕیارە لە دیدارەکەدا هەردوو وەزیر بە شێوەیەکی سەرەکی تاوتوێی هاریکاری بازرگانی نێودەوڵەتی بکەن، هاوکات نوێنەرانی کەرتی تایبەت تاوتوێی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن.

 ئێران لە ساڵی 2024 بە بەهای 20.8 ملیار دۆلار کاڵای لە ئیماراتەوە هاوردە کردووە.

 دەستەی گومرگی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئیمارات یەکەم سەرچاوەی هاوردەکردنی ئەو وڵاتەیە.  هەر لەو ماوەیەدا ئیمارات سێهەمین شوێنی هەناردەی ئێران بوو کە بڕی 6.6 ملیار دۆلار بوو.