وەزارەتی کشتوکاڵ توێژینەوە لەسەر 300 جۆر گەنم و جۆ دەکات

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵ بە شێوەیەکی تاقیکاری توێژینەوە لەسەر 300 جۆر گەنم و جۆ دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کام جۆر بنەتۆ لەگەڵ ژینگە، سروشت و زەوی هەرێمی کوردستاندا گونجاون، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا شەش جۆر بنەتۆ پەسەند کراون و بڕیارە ناساندن بۆ سێ جۆری دیکەی بنەتۆ بکرێت.

هیوا حەیدەر، بەرپسی بەشی خاک و تاقیگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی توێژینەوەکان دەکەینەوە بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک داتا هەیە کە پێویستە وەربگیرێت، یەکێ لەوانە ڕێژەی کلۆڕۆفیل وەردەگرین لە گەڵاکە، بەهەمان شێوە سەیر دەکەین بزانین گەنمەکە تووشی نەخۆشی بووە یان نا، ئەگەر نەخۆشی هەبوو بە زووترین کات چارەی بۆ وەردەگرین.

توێژینەوەکان هەموو ساڵێك لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر دەکرێت، لە دوو دامەزراوەی سەرەکی دابەشکردنی گەنم لە جیهاندا ، گەنم و جۆ وەردەگیرێت، ئەوانیش سمیت و ئیکاردا، لە هەر بنەتۆیەکی گەنم و جۆ 50 بۆ 100 تەرز وەردەگیرێت و دوای توێژینەوەی دوور و درێژ 1 جۆریان کە دەگونجێت لەگەڵ خاک، ژینگە، ئاو و هەوای هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت.

عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: توێژیەنەوەمان زیاتر لە 10 بۆ 12 ساڵ دەخاینەێت  بۆ ئەوەی جۆرێکی باشی گەنم دەستنیشان بکەین و بەرگەی هەموو ئەو ئافاتە کشتوکاڵیانە بگرێت کە تووشی بەرهەمی دانەوێڵە دەبن، بە تایبەتی گەنم و جۆ.

لە توێژینەوەی کشتوکاڵی گەنمدا  6 جۆری گەنم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دانیپێدا نراوە و تۆمار کراوە، بڕیاریشە  3 جۆری دیکەش تۆمار بکرێت و بدرێت بە جووتیاران.