تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتا لە غەززە دەدات

ئاوارەکانی باکووری غەززە لە شاری ڕەفەح
ئاوارەکانی باکووری غەززە لە شاری ڕەفەح

K24 - هەولێر

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ: بەهۆی ئەو برسێتییەی بەرۆکی خەڵکی کەرتی غەززەی گرتووە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتا لە غەززە هەیە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات هەوڵەکانیان بۆ ئاگربەستی شەڕ چڕ بکەنەوە.

ئەدهانۆم لە دوو پەیامی جیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هۆشداری لە لێکەوتەی کارەساتی گەورەی مرۆیی داوە لە ئەگەری هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح و نووسیویەتی "هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەح کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە، هەر بۆیە داواکارم ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت".

داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و لایەنەکانی بەشدار لە دانووستانەکانی ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل کردووە هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و ئاشتییەکی درێژخایەن چڕ بکەنەوە. هەروەها داوای گەیاندنی خۆراک و هاوکاریی دیکەی بە پەلەی کردووە بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە و دەڵێ: ڕێگریی لە گەیاندنی خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان و بەردەوامبوونی شەڕ بوونەتە هەڕەشە لە سەر ژیانی خەڵکیی و مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتا لە کەرتی غەززە هەیە، چونکە زیاتر لە 50%ی خەڵکەکە ڕووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە.

پەیامەکانی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکە، کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە لە میانی چاوکەوتنی بە کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ڕایگەیاند، ئاگربەست بکرێت یان نا، سوپای ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس و بەدیهێنانی سەرکەوتنی تەواو هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح دەکات.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس بڵاویکردووەتەوە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.