کۆریای باشوور: پیۆنگ یانگ و حەماس لە چەند بوارێکدا پەیوەندییان هەیە

K24- هەولێر

دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور ڕایگەیاند، پیۆنگ یانگ و حەماس لە چەند بوارێکدا پەیوەندییان هەیە، لەوانە "مەشقی سەربازی و ئاڵوگۆڕی تاکتیکی".

دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە "تیرۆری جیهانی" ڕایگەیاند، گومان هەیە، لە بوونی پەیوەندی نێوان کۆریای باکوور و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە بوارەکانی، مەشقی سەربازی و ئاڵوگۆڕی تاکتیکەکان.

دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی گومانەکانی پشتڕاستکردەوە کە "چەکی کۆریای باکوور لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە شەڕدا دژی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی پیۆنگیانگ چەندین جار ڕەتیکردەوە مامەڵەی لەو جۆرەی کردبێت".

یۆنهاپ ئەو ڕووداوەی وەک بیر هێنانەوەیەک باس کرد کە لە ساڵی 1987 ڕوویدا، کاتێک بۆمبێکی دانراو لە فڕۆکەیەکی کۆریای باشووردا تەقییەوە و 115 کەسی ناو فڕۆکەکە کوژران، پیۆنگیانگی تۆمەتبار کرد بە "ڕێکخستنی ڕووداوەکە".

لە کۆتایی مانگی ئاداردا، یۆن سیۆک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور هۆشداریدا بە کۆریای باکوور کە ئەگەر گێچەڵ ئەنجامبدات، "باجێکی توند" دەدات، لە بەرامبەر پاشخانی گرژییەکان دوای تاقیکردنەوە موشەکییە بەردەوامەکانی پیۆنگیانگ.