بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: ڤیزای یەک ساڵی ناشەرعی و نایاساییە

شێخ نیاز نەقشەبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان
شێخ نیاز نەقشەبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوانەی ڤیزای یەک ساڵی بۆ سعوودیە وەردەگرن و دەچنە حەج، مەترسی دەخەنە سەر خۆیان و ڤیزاکەیان نا شەرعی و نا یاساییە.

ئەمڕۆ هەینی 3ی ئایاری 2024، شێخ نیاز راغب، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانمان ئاگادارکردووە، ئێمە بەرپرسیارەتی ڤیزای یەک ساڵی وڵاتی سعوودیە هەڵناگرین.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد ، ئەوان لەو حاجیانە بەرپرسیارن کە لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەچنە ماڵی خودا، ئەوان ئەرکیان لەسەر حکوومەتی خۆیانە، گوتیشی: ڤیزای یاک ساڵی ناشەرعی و نایاساییە، چونکە حکوومەتی سعوودیە هەموو ئەوانەی پابەند کردووە کە گەشتی حەج دەکەن، پێویستە ڤیزای حەجی وەربگرن نەوەک ڤیزای گەشتی سعوودیە.

شێخ نیاز دەڵێت: ئەوانەی ڤیزای یەک ساڵی وەردەگرن، حەجی نا یاسایی دەکەن، لەوێ دووچاری کێشەی یاسایی دەبن، پێویست ناکات هاووڵاتییان خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

راشیگەیاند، ئەمساڵ 4685 حاجی گەشتی حەج دەکات لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (1ـی ئایاری 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 185 کەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا (5ـی حوزەیرانی 2024)، سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەنە ئەو وڵاتە.

ژمارەی حاجییانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە چوار هەزار و 685 کەس و بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێـی کوردستان، تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ بە فڕۆکە بریتییە لە شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار، هەروەها تێچووی حەج لە ڕێگەی وشکانییەوە، بریتییە لە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار.