پسپۆرێکی دارایی و بانکیی: پرۆژەی دڵنیایی گەشە بە ئابووری وڵات دەکات و بێ کاریی کەم دەکاتەوە

کامەران قادر
کامەران قادر

K24- هەولێر

پسپۆرێکی دارایی و بانکیی ئاشکرای دەکات، پرۆژەی دڵنیایی گەشە بە ئابووری وڵات دەدات و هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی بێ کاریی.

ئەمڕۆ دووشەممە(5ی ئایاری 2024)، لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی دڵنیایی لە کوردستان و عێراق کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەرێوەی دەبات، کامەران قادر، پسپۆری دارایی و بانکیی بۆکوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بانکەکان لە کەرتی ئابووریدا دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت، بەو مەرجەی بچنە ژێر رکێفی کۆمپانیاکانی دڵنیایی، دەشڵێت، پێویستە بانکەکان دڵنیاییان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی پارەی هەیە لە ماڵەوە، پارەکەی بخاتە بانک و وەبەرهێنانی پێ بکرێت و ئابووری وڵات پێی گەشە بکات.

ئەو پسپۆرە بانکییە دەڵێت، بۆ ئەوەی خەڵک متمانە بە بانکەکان دروست بکات، پێویستە بانکە تایبەتەکان بچنە ژێر رکێفی کۆمپانیاکانی دڵنیایی، بۆ ئەوەی هەر کاتێک بانکەکان مایە پوچ بوون، پارەی هاووڵاتیان لەرێگەی کۆمپانیاکانی دڵنیاییەوە نەفەوتێت.

کامەران قادر، پسپۆری دارایی و بانکیی بە پێویستی دەزانێت خەڵک رۆشنبیریی ئابووریی هەبێت و پارەکانی نەخاتە دەستی خەڵکێک کە هیچ جێی دڵنیایی نین، بەڵکو پارەکانیان بخەنە ئەو بانکانەی لەژێر رکێفی کۆمپانیاکانی دڵنیایین، بۆ ئەوەی ئابووری وڵات گەشە بکات و بێ کاری کەم بێتەوە.