ناوی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لە فۆرمی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من زیاد کرا

بانکی TBI لە هەژماری من - گرافیک: کوردستان24
بانکی TBI لە هەژماری من - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای ڕاگەیاندنی بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لە پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من، ناوی بانکەکە لە لە فۆرمی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من زیاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە هات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی کرا، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، ڕێککەوتن کرا بۆ بەشداریی ئەو بانکە حکوومییە فیدراڵییە، لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) سەرچاوەیەک لە تیمی سەرپەرشتیاریی پرۆژەی هەژماری من بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناوی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە لە فۆرمی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من زیادکرا و ئەو مووچەخۆرانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا، لە پرۆژەی هەژماری من خۆیان تۆمار دەکەن، سەرپشکن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکە.

بە بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من بووە حەوت بانک کە هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکیی ئیسلامی عێراقیش لەخۆ دەگرێت.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (8ـی ئایاری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوە چوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشتیوانیی لە بەشداریکردنی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی (هەژماری من) دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاریی پێویست لە چوارچێوەی لێکگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەم بارەیەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لە یەکەم ڕۆژی بەشداری ئەو بانکە، 16 مووچەخۆر، بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی لە پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانییان هەڵبژاردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆژەی هەژماری من، کۆی هەژمارە کراوەکان بۆ مووچەخۆرانی دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە 301 هەزار هەژمار و لەو ژمارەیە 200 هەزار کارتی بانکیی ڕادەست کراوەتەوە. 

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، ساڵی 2003 لە بەغدا، بە سەرمایەی یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلار دامەزرا و 25 لقی لە سەرتاسەری عێراق هەیە کە چوار لقیان لە هەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەک دوو لق لە هەولێر و لقیشی لە سلێمانی و دهۆک هەیە.

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی وەک بانکێکی حکوومی فیدراڵی، پارەدارکردنی 80%ـی پرۆژە بازرگانییەکانی عێراقی لەخۆ گرتووە و خزمەتگوزاریی بانکی لەسەر ئاستی تاک، دامودەزگا حکوومییەکان و کۆمۆپانیاکانی کەرتی تایبەت پێشکەش دەکات.

لە ساڵی 2017، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا بە زیادکردنی سەرمایەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ دوو ترلیۆن و 750 ملیار دینار، ئەمەش بە مەبەستی زیاتر پاڵپشتیکردنی بانکی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە لە عێراقدا. هەروەها لە ساڵی 2020، بڕیاردرا بە زیادکردنی سەرمایەکەی بۆ سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینار (سێ ملیار دۆلار).

بەپێی ڕیزبەندی (The Banker) لە ساڵی 2022، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە باشترین بانکی عێراق دانراوە، هەروەها لەلایەن گۆڤاری گڵۆباڵ فاینانسەوە بە دڵنیاترین بانکی عێراقی هەڵبژێردراوە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من؛ ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان؛ خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.

پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.