سەرۆکی پارتی کرێکاران: حکوومەتەکەی سوناک شکستی هێناوە

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر

پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە شکستی هێنا، سەرۆکی پارتی کرێکاران دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جێگەی متمانە نەماوە و حکومەتەکەی شکستی خواردووە.

پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیە، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە شکستی هێنا و پارتی کرێکاران کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیایە زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا. سەرکردەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی پارێزگاران ناتوانن متمانە بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بکەن کە هەر لە پارتەیەکی خۆیانە.

کیەر ستارمەر، سەرکردەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا گوتی، " ئەگەر هەفتەیەک ئەندام پەرلەمانێکی پارێزگاران کە پزیشکە بڵێت ناکرێت بۆ سیستەمی تەندروستی نیشتمانی متمانە بە سەرۆکوەزیران بکرێت و ببێتە ئەندام لە کرێکاران، ئەگەر ئەندام پەرلەمانێکی دیکەش کە لە بەرەی پێشەوەی قەیرانی بەلەمە بچووکەکانە بڵێت ناکرێت بۆ پاراستنی سنوور متمانە بە سەرۆکوەزیران بکرێت، سوودی ئەو حکوومەتە شکست خواردووە چییە؟"

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، تا ئێستا 25 هەزار کۆچبەریان دیپۆرت کردووە و پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکان بەڕێژەی لە ٪33 کەمی کردووە.

ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، " لەو کاتەوەی بوومەتە سەرۆکوەزیران، پەڕینەوە بەلەمە بچووکەکان بەڕێژەی سێیەک کەمی کردووە، چونکە پارەدارکردنی ئاژانسی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانمان بۆ دوو هێندە زیاد کردووە، هەژمارە بانکییەکانمان داخستووە و 25 هەزار کەسمان دیپۆرت کردووە، لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنوور جیاوازییەکی گرنگ لەنێوانماندا هەیە، ئێمە سنوورێکی پارێزراومان دەوێت، ئەو بە سنوورێکی کراوە خۆشحاڵە."

پارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە بەم دواییانە لە پاشەکشەدابووە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان پلەی سێیەمی بەدەست هێنا و پارتی کرێکاران خاوەنی زۆرترین دەنگ بوو و توانی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک شارەوانی لەندەن بەدەست بهێنێت، ئەمەش ئەو ئەگەرەی دروست کردووە پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا شکت بهێنن.