پاسداران: 9 ئهندامى رێكخراوه توندڕهوهكان دهستگيركراوون
K24 – ههولێر:
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، سەرۆكی گرووپی فورقان و 9 كەس لە ئەندامانی ئەو گرووپەیان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیر كردووە.
محەممهد مارانی, فەرماندەی بنكەی قودسی ھێزی وشكانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، گرووپێكی 9 كهسى سەر بە گرووپی فورقانیان دەستگیر كردووە و دەستیان بەسەر 150 كیلۆگرام تەقەمەنیشدا گرتووە.
بە وتەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران، لە ماوەی 5 مانگدا 4 گرووپی توندڕەویان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیر كردووە كە بهنیاز بوون لە شارە گەورەكانی ئێران تەقینەوە ئەنجام بدەن.
مارانی دەشڵێت، یەكێك لەو گرووپانەی كە دەستگیر كراون، سەر بە ئەمانوڵڵا رەئیسی سەرۆكی گروپی فورقان بووە كە 4 كەسیان لە تێكھەڵچوون لەگەڵ ھێزەكانی سوپای پاسداران كوژران و 9 كەسیان لەوانە سەرۆكی گرووپی فورقان دەستگیر كراون.
ئێران دەڵێت، گرووپی فورقان، لە لقەكانی جوندوڵڵا و ئەنساری ئێرانن، كە گرووپێكی توندڕەوی سوننەن و لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان چالاكیان ھەیە.