ئاسایشی هەولێر دوو لە بکوژانی کارزان کەریم دەستگیر دەکات

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24- هەولێر

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو لە بکوژانی گەنجەکەی نزیک زانکۆی جیهان لە هەولێر، ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(9ی ئایاری 2024)، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری کوشتنی گەنجێکی هەولێر بەناوی( کارزان کەریم مەغدید) لە نزیک زانکۆی جیهان لە هەولێر ڕادەگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ڕۆژی ( 7ی ئایاری 2024)، لە شەقامی 100 مەتری هەولێر و نزیک زانکۆی جیهان، گەنجێك بەناوی( کارزان کەریم مەغدید) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن سێ کەسەوە کوژراوە، تا ئێستا دوو لە تۆمەتبارەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دوای بەدواداچوونی ورد، لەنزیک چیای قەرەچوغ، دەستگیر کران.

ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، جگە لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە، دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە تۆمەتبارەکان هەوڵیان داوە پێی هەڵبێن.

بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوامە.