ئانۆ جەوھەر: لە ڕێگەی هاوپەیمانییە نوێیەکەمان کار بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکەین

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی

K24 – هەولێر:

ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشوورییەکان هاوپەیمانییەکی نوێیان راگەیاند بە ناوی (هاوپەیمانی مەسیحی)، لەوبارەیەوە سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی دەڵێت: لە ڕێگەی هاوپەیمانییە نوێیەکەمان کار بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکەین.

ئانۆ جەوھەر، سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هاوپەیمانییەکمان دامەزراند لەسەر داوای هەموو ئەو لایەنانەی کە لەگەڵ هاوپەیمانی حامورابی کار دەکەن، دەمانەوێت ئەو هاوپەمانییە نوێیە چەترێك بێت بۆ کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن، هاوپەیمانییەکەمان هاوپەیمانییەکی گشتگیرە بۆ هەموو ئەوانەی کە خەبات دەکەن.

سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی دەڵێت: پەیوەندیمان لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان پەیوەندیکی زۆر ئاسایی و باش دەبێت و پێکەوە کار دەکەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی هاوبەش.

لەبارەی گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان، ئانۆ جەوھەر، گوتی: بەردەوام دەبین لە داواکارییەکانی خۆمان لەسەر ئاستی کورسییەکانی کۆتا، هەروەها ئەم هاوپەیمانییە نوێیە دەرگەی کراوەیە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان.

ناوبراو گوتیشی: هەمیشە لەگەڵ ئەوەین بتوانین لە چوارچێوەیەکی هاوپەیمانی کریستیانی دەنگی خۆمان بگەینین، هەروەها لەسەر داواکاری هێزە سیاسییەکان ئەو هاوپەیمانییە نوێیەمان دامەزراند.

ئانۆ جەوھەر، باسی لە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرانبەر بە پێکهاتەکان کرد و ئاشکرای کرد، "سەرۆک بارزانی لە پێشتر و ئێستا داکۆکاری یەکەم بووە لە مافی سەرجەم پێکهاتەکان، جەنابیان بە بەرگریکردن لە پێکهاتەکان بەرگری دەکات لە قەوارەی هەرێمی کوردستان".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرانبەر بە پێکهاتەکان، هەڵوێستێکی مێژووییە، هەروەها سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموویان داکۆکیکار بوونە بۆ مافی پێکهاتەکان.

رۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) لە بارەگای پەیوەندیی کلدانییەکانی جیهان لە عەنکاوە، ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانییەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەرمەنەکان لە لێژنەی ئیداریی پێکهاتەی ئەرمەنی ئۆرتۆدۆکس و کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئەرمەنەکان کۆبووەوە و، لە ئەنجامدا هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا لە پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی، پارتی بزووتنەوەی کۆمەڵەی سریان و پەیوەندیی کلدانییەکانی جیهان، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی، ڕەوتی شلاما بۆ کاروباری کریستانەکان.

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیان پێشوازییان لە برا ئەرمەنەکانیان کردووە کە چوونەتە پاڵ هاوپەیمانی حەمورابی و دوای گفتوگۆکردن ڕێککەوتوون هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی سیاسیی بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی کۆمەڵگەی کریستیانەکان بە ناوی (هاوپەیمانیی مەسیحی) دابمەزرێنن.