تۆمەتبارێك دەستگیرکرا کە دزی لە سندوقی کۆکردنەوەی خێری مزگەوتەکان کردبوو

لەسلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە دزی لەسندوقی كۆكردنەوەی خێری چەند مزگەوتێك كردبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دزی لەسندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە شاری سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کرد، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرئەنجام توانرا لەكاتی دزیكردنەكەدا تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیربكرێت.

لەئێستادا تۆمەتبار (ب، ل، ع  لەدایكبووی 2003 ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لەلێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە كە لەچەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لەشاری هەولێر دزی لەسندوقی كۆكردنەوەی خێری ئەو مزگەوتانە كردووە.