ئەمریكا زیاتر لە ملیارێك دۆلاری دیكە دەداتە ئێران

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد كە ئەمریكا یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری دیكەی لەبەرامبەر دواكەوتنی جێبەجێکردنی رێكکەوتنێكی كڕین و فرۆشتنی چەك لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەو وڵاتە داوە.

جۆش ئێرنێست گوتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریكا جگە لەو 2 ملیار دۆلارەی لە رۆژی رادەستكردنەوەی بەندكراوە ئەمریكییەكان بۆ ئێرانی گەراندووەتەوە، ھاوكات لەو ماوەیەدا یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری دیكەشی بە ئێران داوە.

ئێرنێست دەڵێ، ئەو بڕە پارەیە لەھەمبەر دواكەوتن و جێبەجێنەكردنی رێكکەوتنێكی كڕین و فرۆشتنی چەك بووە، كە پێش ھاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان ئێران و ئەمریكادا ھەبووە.

 گوتەبێژی كۆشكی سپی رەتیشیكردەوە كە 2 ملیار دۆلارەكە وەكوو باج بە ئێران درابێت، بەڵكوو وەك بەشێك لە رێكکەوتنی ئەتۆمی بووە.