مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی ڕکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن

سالم عیساوی (ڕاست) و مەحموود مەشھەدانی (چەپ) | وێنە: کوردستان24
سالم عیساوی (ڕاست) و مەحموود مەشھەدانی (چەپ) | وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر

ھەر یەكە لە ھاوپەیمانی تەقەدوم و دەوڵەتی یاسا پشتیوانی لە مەحموود مەشھەدانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. بەم پێیەش، مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی ڕکابەریی لەسەر پۆستەکە دەکەن.

مەحموود مەشهەدانی ساڵی 2022 ڕکابەری محەممەد حەلبووسی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بھێنێت، بەجۆرێك تەندروستی تێكچوو؛ بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە. ئێستا دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیو لەو ڕووداوە، ھاوكێشەكان بە جۆرێك گۆڕانكارییان بەسەرداھاتووە، پێدەچێت بەخت یاوەری مەشھەدانی بێت.

سەرۆکایەتىی پەرلەمانى عێراق ڕۆژی 18ى ئایار واتە شەممەی داھاتووی دیاریکردووە بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک، ڕکابەرییەکەش لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوى دەبێت. هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

ھاوكات، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، پشتیوانی مەحموود مەشهەدانی دەكات. یاسر مالکی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، "دوای ئەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنییانەی ئەم دواییانە کە لە ئەنجامی گفتوگۆی فراکسیۆنە سیاسییەکان دروستبوو، پشتیوانیی خۆمان بۆ مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنین".

لە کۆبوونەوەى ڕۆژی 14ى کانوونى دووەمى ئەمساڵى پەرلەمان، هەڵبژاردنى سەرۆک لە نێوان سێ كاندیدی سوننەدا کرا و گەیشتە گەڕى دووەم، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. شەعلان کرەیم، كاندیدی تەقەدوم زۆرترین دەنگى گەڕى یەکەمى بەدەستهێنا، بەڵام لە 18ى نیسان لە پرۆسەكە کشایەوە. ئێستا هەریەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى لە ڕکابەرییەکەدا ماون.

چوارچێوەی هەماهەنگی چەندین جار ئۆباڵی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان خستووەتە ئەستۆی لایەنە سوننەکان و دەڵێن، دەبێت سوننەکان بەرپرسیارێتیی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هەڵبگرن.

ڕۆژی 07-05-2024، چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەی یەک هەفتە مۆڵەتی دایە سوننەکان لەسەر پرسی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێڕاق ڕێک بکەون، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان ئەو بەرکەوتەیە یەکلایی دەکەنەوە.