پەرلەمانتارێک: سەنتەرەکانی جوانکاری سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدزن

سەندیکای پزیشکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو سەنتەر و کلینیکانەی کاری جوانکاری یان تاتۆیان تێدا دەکرێت و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان کاردەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان نییە، هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز و پێویستە سنوورێکیان بۆ دابنرێت.

لەو بارەوە سەنا ئەزیرجاوی، ئەندامی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پسپۆڕانی نەشتەرگەریی جوانکاریی دیاری بکات، تاوەکوو سنوور و چوارچێوەیەکی یاسایی و تەندروستی بۆ نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دیاری بکرێت.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە پزیشکە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی دیاری بکرێن، لەوانە پزیشکانی پسپۆڕی ڕووخسار و چەناگە، کە لە ڕووی یاساییەوە بۆیان هەیە لە بواری جوانکاریدا کار بکەن، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی پزیشکانی ددان لەو بوارەدا کار بکەن، هەر بۆیە باشتر وایە تەواوی سەنتەرەکان دابخرێن.

بەگوێرەی ئاماری سەندیکای پزیشکانی عێراق، لە کۆی سەدان سەنتەری جوانکاری لە وڵاتەکەدا، تەنها 79ـیان مۆڵەت پێدراون، دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە بوونی دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز لە عێراق دەکات، هەر بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەرکەوتووە ئەوانەی بەم دواییە تووشی نەخۆشی ئایدز بوون لە سەنتەرەکانی جوانکارییەوە تووشبوون، زۆرترین ژمارەی تووشبووانیش لە ناوچەی ڕەسافەی بەغدایە.