کوردستان و لوبنان لە بواری پەروەردە هاوئاهەنگیی دەکەن

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەباس ئەلحەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەباس ئەلحەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە کە، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی لوبنان ڕێککەتوون لەسەر ئەوەی هەوئاهەنگیی بکەن لەبواری پەروەردە و خوێندندا و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیش لەو بارەوە ئامادە بکەن.

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی پەروەردەی جیهانی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەباس ئەلحەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان و شاندی وەزارەتی پەروەردەی لوبنان کۆبوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردە، لەو کۆبوونەوەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان، جەخت لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونیی پەروەردەیی نێوان کوردستان و لوبنان کراوەتەوە، هەروەها  تیمی هەردوو وەزارەت ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پەروەردەیی.