گاسپرینی دوای 25 ساڵ نازناوی یۆرۆپالیگی گەڕاندەوە ئیتاڵیا

گاسپرینی راهێنەری ئاتاڵانتای ئیتاڵی
گاسپرینی راهێنەری ئاتاڵانتای ئیتاڵی

جان پیرۆ گاسپرینی دوای 21 ساڵ لە کاری راهێنەرایەتی لە تۆپی پێ، بۆ یەکەمجار توانی نازناوێکی ئەوروپی بەدەستبهێنێت.

لە یاریی کۆتایی یۆروپالیگ، گاسپرینی راهێنەری ئاتاڵانتا توانی شکست تووشی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی بکات و نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بە راهێنەرایەتی چابی ئالۆنسۆ 51 یاریی بوو تووشی شکت نەهاتبوون و پێشبینی دۆڕانی نەدەکرا، بەڵام بەرامبەر ئاتاڵانتای ئیتاڵی خۆی رانەگرت و لە یاریی کۆتایی 3-0 یارییەکەی دۆڕاند و ریکۆردەکەی وەستێندرا.

گاسپرینی بۆ سکای سپۆرتی ئیتاڵی گوتی: بەم بردنەوەیە ناومان چووە مێژووەوە بەڵام ئەو رێگەیەی نازناوەکەمان پێ بەدەستهێنا رێگەیەکی ئاسایی نەبوو.

گاسپرینی لەگەڵ جامی یۆرۆپالیگ
گاسپرینی لەگەڵ جامی یۆرۆپالیگ

راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە دەڵێت: ئاستێکی نایابمان بەرامبەر لیڤەرپوول و لیسبۆنا پێشکەشکرد، بەشێوەیەك سپۆرتینگ پێشەنگی خولی پۆرتوگالی بوو، یانەکەی کڵۆپ-یش ئەو کاتە لە پرێمەرلیگ لوتکەی خولەکەی گرتبوو، کاتێك لە لیڤەرکوزنمان بردەوە نازناوی بۆندزلیگای بەدەستهێنابوو، بۆیە پێویستە سوپاسی یاریزانەکان بکەین بۆ ئەو ئاستە سەرسوڕهێنەرەی پێشکەشیان کرد.

چەند ئامارێکی سەرنجڕاکێش دوای بردنەوەی ئاتاڵانتا لە یاریی کۆتایی یۆروپالیگ:

- ئاتاڵانتا دوای 61 ساڵ بە نازناوەکان شادبووەوە.

- ساڵی 2016 گاسپرینی راهێنەرایەتی ئاتاڵانتای وەرگرت بۆئەوەی دووری بخاتەوە لە دابەزین.

- ساڵی 2018 یانەکە بەشداری لە یۆروپالیگ کرد.

- ساڵی 2019 ئاتاڵانتا بۆیەکەمجار لە مێژووی یانەکە سەرکەوت بۆ چامپیۆنزلیگ.

- ساڵی 2024 نازناوی یۆرۆپالیگی بەدەستهێنا.

- گاسپرینی دوای 8 ساڵ لە یۆروپالیگ بۆ یەکەمجار نازناوەکەی بەدەستهێنا.

- دوای 25 ساڵ نازناوی یۆرۆپا لیگ گەڕایەوە ئیتاڵیا.

- پێش 25 ساڵ پارما نازناوەکەی بەدەستهێنابوو.