دووبارە کێشە دەکەوێتەوە نێوان وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دووبارە ناکۆکی لە نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەستیپێکردەوە، پیشتر کاتێک گالانت ڕەخنەی لە چاکسازییە دادوەرییەکانی ئیسرائیل گرتبوو، ناتانیاهۆ لە کارەکەی دووریخستەوە و دوای ناڕەزایەتییەکان گەڕێندرایەوە بۆسەر پۆستەکەی.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، یوئاڤ گالانت جارێکی دیکە ڕەخنەی لە سەرۆکوەزیران گرتووە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی نەبوونی "پلانی ئەمڕۆ و سبەی" بۆ شەڕی غەززە، کە ئاماژەیە بۆ دوودڵی ناتانیاهۆ لە بڕیاردان، دەشڵێت: " ئەو کارە زیان بە ئاسایشی وڵاتەکە دەگەیەنێت".

وەزیرەکەی بەرگری ئیسرائیل، یوئاڤ گالانت، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل چوار مانگ پێش ئێستا لیواکانی حەماسیان لە کەمپی جەبەلیە هەڵوەشاندەوە، بەڵام بەهۆی شکستی ناتانیاهۆ، هێزەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ئەم جارە بە ژمارەیەکی زۆرەوە بگەڕێنەوە، چونکە حەماس ڕیزەکانی خۆی ڕێکخست بووەوە، کە تائێستاش جێگای مەترسین، بەڵام ئەمجارەیان سەربازەکان کە گەڕانەوە بێزار بوون لە بڕیارە سیاسییەکان، ئەوان بڕیاریان داوە شەڕ بکەن، بەڵام لە شەڕدا ماندوون.

گالانت دیدگای ناتانیاهۆی بۆ "سەرکەوتنی تەواوەتی" بە خەیاڵ وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێویستە بەدیلێکە بۆ حەماس تاوەکو حوکمڕانی غەززە بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی فشار لەسەر بزووتنەوەکە.

گالانت هەوڵدەدات ناتانیاهۆ ناچار بکات بڕیارێک بدات، هەروەها لەگەڵ بەردەوامی کوژرانی سەربازانی ئیسرائیل لە غەززە، کاردانەوەی گشتی و توند بەرامبەر ناتانیاهۆ نزیکە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ناتانیاهۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: بەم زووانە ڕووبەڕوو لەگەڵ وەزیری بەرگری قسە دەکەم، هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێشتا متمانەی بە گالانت هەیە، ئایا دەتوانن پێکەوە کاربکەن، وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەگەر تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە وەزیری بەرگری دوێنێ گوتی، ئەوا ئەوەی من دەبێت پێی بڵێم، سەرەتا ڕووبەڕوو دەڵێم، نەک لێرە".

 سەبارەت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ غەززە، نەتانیاهۆ جەختیکردەوە، بە توندی دژی گۆڕینی حەمەستانم بۆ فاتحستان، بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی فەتح بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین.