20 هەزار دار زەیتوون لە دەورووبەری هەولێر دەچێندرێن

پرۆژەی چاندنی داری زەیتوون
پرۆژەی چاندنی داری زەیتوون

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، زیاتر لە 20 هەزار داری زەیتوون لە دەرووبەری هەولێر دەچێندرێن و زەیتی زەیتوونیان لێ دروست دەکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، 20 هەزار دار زەیتوون لە   کەسنەزان دەچێندرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوانی هەرێمی كوردستان و  لێژنەی وەزاری تایبەت بەدواداچوونیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆژەی چاندنی دار زەیتوونەکان کرد و ڕاسپاردەی پێویستیش دران بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەكانی پڕۆژەكە.

پرۆژەی چاندنی دار زەیتوونەکانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە کەسنەزان، لە لایەن رێکخراوی GIZ و دەزگای ڕوانگە بە هاوکاری دارایی وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاریکاری ئابووری و پەرەپێدان (BMZ) جێبەجێ دەکرێت.

ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گونجاوی بەرهەمهێنانی زەیتوون و دروستکردنی زەیتی زەیتوون، لەو چوارچێوەیەشدا، بە سەدان جووتیار زەوییەکانیان بە زەیتوون چاندووە، بەرهەمی زەیتوونەکە لە حەوت کارگەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێتە زەیتی زەیتوون و لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە.

شاکر محەممەد، باخەوان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، خاکی کوردستان خاکێکە لە ئاڵتوون، خاکێکی زۆر لەبارە بۆ چاندنی دار زەیتوون، ئێمە بەهۆی بەپیتی خاکەکەمان و بوونی ژمارەیەک زۆر لە دار زەیتوون، ساڵانە پێویستمان بەوە نییە زەیتی زەیتوون لە دەرەوەی وڵات بۆمان هاوردە بکرێت، بەڵکو ئێمە لە ئێستادا دەتوانین هەزاران تۆن زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە بکەین.

لە هەرێمی کوردستان حەوت کارگەی زەیتی زەیتوون هەن، لەمبارەیەوە سلێمان شێخۆ، خاوەنی کارگەیەك دەڵێت: "دەتوانین بۆ ناوخۆ و دەرەوەش بەرهەمی زەیتی زەیتوون دابین بکەین، کە ئەمەش سوودێکی باشی دەبێت بۆ جووتیاران، هیوادارم  چاندنی دار زەیتوون زیادبکرێتن و پەرەی پێبدرێت، بەهۆی ئەوەی زەیتوون قازانجێکی ماددی زۆری هەیە".

ڕۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەسەرکردەوە.

کارگەیەکی زەیتی زەیتوونی راسان لە ساڵی 2018 دامەزرێندراوە و ئێستا کار بۆ فراوانکردنی دەکرێت. کارگەکە بووەتە فریادڕەسی بەرهەمی زەیتوونی بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

زیاتر لە 250 هاووڵاتیی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کارگەی زەیتی زەیتوونی راسان سوودمەندن.